محاویلەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق گەیشتە سلێمانی
ئەمرۆ 13/1 یەکەم کاروانی محاویلەکانی کارەبای وەزارەتی کارەبای عیراق گەیشتە سلێمانی، بڕیاریشە ھەفتەی داھاتوو سەرجەم محاویلەکانی تر کە ژمارەیان ١٥٠ محاویلەیە ڕەوانە بکرێن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی، لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی پارێزگارو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، دوای پەیوەندیکردنی بەوەزارەتی کارەبای عیراقەوە بۆ ھاوکاریکردنی پارێزگای سلێمانی لەڕووی دابینکردنی محاویلەوە، حکومەتی عیراق ڕەزامەندی لەسەر ڕەوانەکردنی ١٥٠ محاویلەی کارەبا بەتوانای جۆراو جۆر دەربڕی.
لەراگەیەنروەكەدا هاتووە: ئەمڕۆ ١٣ی کانوونی دووەم، یەکەم کاروان کە بریتیە لە ٣٠ محاویلە گەیشتە گەنجینەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، بڕیاریشە لەھەفتەی داھاتوودا سەرجەم محاویلەکانی تر ڕەوانە بکرێن.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕاشیگەیاندووە کە دابینکردنی ئەو محاویلانە، یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەکێشەی دابەشکردنی کارەبای گەڕەکەکانی پارێزگای سلێمانی.
PM:02:21:13/01/2016