یەكێتی: هیچ کەس ناتوانێت جیابوونەوەکه‌ی نەوشیروان مستەفا بکات

ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەکێتی مەرگی ئەو حزب و لایەنانە دەبینێت، کە گرەو لەسەر مەرگی یەکێتی دەکەن، دووپاتی دەکاتەوە، یەکێتی ئی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتییەک نییە.

عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی، یەکێتی هەر وەک خۆی مایەوە، لەکاتێکدا هیچ کەس ناتوانێت جیابوونەوەیەکی وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا دروست بکات.

زیاتر دەڵێ، "با هیچ کەسێک ئەوەندە باسی باڵباڵێنی ناو یەکێتی نەکات، یەکێتی بەردەوام بیروڕای جیاوازی تێدا بووە، بەڵام ئەوەی ئێستە هەیە بەرژەوەندییە نەک بیروڕای جیاواز، هەموو لایەکیش با ئەوە بزانن یەکێتی لە جاران بەهێزتر دەبێت".

سەراوی دووپاتی کردەوە، "یەکێتی وەک شەمەندەفەر وایە، گروپێک دادەبەزێت و 10 گرووپی تر دوای دەکەون و سەر دەکەون، هەرگیز یەکێتی لاواز و بێ هێز نابێت، رەنگە هەندێک حزب و لایەن گرەو لەسەر مەرگی یەکێتی بکەن، بەڵام یەکێتی مەرگی ئەوانە دەبینێت، یەکێتی حزبی کەسێک نییە، حزبی 24 هەزار شەهید و کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگەیە. یەکێتی هی هیچ مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتییەک نییە، حزبەکە لە مەکتەب سیاسی گەورەترە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی لەبارەی دارایی حزبەکەوە بە "وشە"ی راگەیاند  "دارایی یەکێتی موڵکی کەسوکاری شەهیدانە و هی هیچ ئەندامێکی ناو یەکێتی نییە، هەر مەکتەب سیاسییەک یان سەرکردایەتییەک بەتەمای ئەوەبێت دارایی یەکێتی بخاتە گیرفانی خۆیەوە، ئەوە ئاسنی سارد کوتینە، ئەوانە تەنیا شتی کاتین و ڕەگ و ڕیشەی یەکێتی لەوە بەهێزترە بەو بابەتانە بهەژێت".




AM:01:17:16/01/2016