دوا لێدوانی وەزیری دارایی هەرێم سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر چاکسازی بەزووی ئەنجام نەدرێت ئەوا مووچەی فەرمانبەران نادرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/1 ڕێباز حەملان وەزیری درایی هەرێم لە کۆنفرانسی گەشەپێدانی سەرچاوە سروشتییەکان لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی ڕایگەیاند، هیچ چاکسازییەک بەپێ پەرلەمان ناکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر دوو مانگ جارێک مووچە دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا بووە بە پێنج مانگ، ئەگەر چاکسازیی بەزووی نەکرێت "ئەوا مووچەی فەرمانبەران هەر نادرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆئەوەی چاکسازی ئەنجام بدرێت دەبێت بارودۆخی سیاسیی هەرێم ئاسایی بکرێتەوە.

وەزیری دارایی لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی چاکسازی کرد لە بواری دارایی و ئابووریدا کە بە وتەی خۆی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤وە کاریان بۆ ئامادەکردنی کردووە، وتیشی کە پڕۆژەکە لە زیاتر لە ٦٠٠ لاپەڕە پێکدێت.

وتەکانی وەزیری دارایی لەمیانی کۆنفرانسێکدا بە ناوی دەربازبوون لە ئابووری بەرخۆر (چاکسازی لە عێراق و هەرێم) کە ناوەندی گەشەپێدان و سەرچاوە سروشتییەکان لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی سازی کرد.



PM:03:35:21/01/2016