"دۆخی‌ هه‌رێم دۆخێكی‌ مه‌ترسیداره‌ و له‌ ته‌قینه‌وه‌دایه‌"

هۆشیار عه‌بدوڵا له‌ وتارێكیدا كه‌ده‌رباره‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و سیاسه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ نوسیوه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات باشترین بژارده‌ بۆ رزگاركردنی‌ فه‌رمانبه‌ران و دۆخی‌ پڕ مه‌ترسیداری‌ هه‌رێم گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌غداد.

هۆشیار عه‌بدوڵا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق وتارێكی‌ له‌ژێر ناونیشانی‌ (بۆ موچە چی بکەین ؟!) نوسیوه‌ و تیایدا ده‌نوسێت : " ئەو ماڵ وێرانیەی ئێستا یەخەی فەرمانبەرو هاوڵاتی کوردستان گرتوە بەرەنجامی شکست هێنانی ئەو بەرنامە و پلانەی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە هەوڵیداو ویستی بە ناوی ئابوری سەربەخۆ لە روی سیاسی و دارایی و ئیداریەوە هەموو خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسیەکان بخاتە ژێر رکێفی خۆی و ملکەچیان بکات".

له‌ وتاره‌كه‌شیدا جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌  به‌رنامه‌ی‌ پارتی‌ حیزبی‌ بوو نه‌ك نیشتیمانی‌ و خۆی ئەندازیار و خۆی ئاگادار و هەرخۆشی بەرپرسی یەکەمی ئەو شکستەیە له‌هه‌رێم.

هۆشیار عه‌بدوڵا باسی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كات له‌سه‌ر نه‌وت، ده‌ڵێ‌: لە دوای ۲٠٠۳ ەوە تا ساڵی ۲٠۱٤ و هەتا ئەو کاتەی دەرهێنانی نەوت و ناردن و فرۆشتنی نەوت لەلایەن بازرگانە سیاسیەکانی کوردستانەوە زۆر بە زەقی نەکرا بە ئەمری واقیع، ساڵانە بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان لە بەغدادەوە بە رێکی و بێ دواکەوتن دەگەیشتە کوردستان، بەڵام لە ۲٠۱۳ەوە کاتێک وایلێهات بۆڕی بۆ تورکیا رابکشرێت و بە بۆری نەوت بفرۆشرێت بێ ئەوەی داهاتەکەی دیار بێت، بەغداد بێدەنگیەکەی شکاند.

له‌باره‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ و باشكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ خراپی‌ موچه‌ خۆران هۆشیار عه‌بدوڵا، ئاماژه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد ده‌كات و ده‌ڵێ‌: من وەک نوێنەرێک ئەوە گرنگە خەڵکی کوردستان موچەی بۆ بگەرێتەوە و لەم دۆخە قوتاری بێت بۆیە راشکاو و ڕون دەڵێم چارەسەر گەرانەوەیە بۆ بەغداد .

له‌و تاره‌كه‌یدا ئه‌و نوێنه‌ره‌ی‌ كورد باس له‌ میكانیزم و چۆنێتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد ده‌كات و كارێكی‌ قورسیشی‌ ده‌زانێت كه‌ به‌غداد رازیبێت جارێكی‌ تر بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بنێرێت، به‌ڵام ده‌نوسێت: " بۆ ئەوەی بەغداد بە قۆناغێکی نوێی لەگەڵ هەرێم رازیبێت ، گرنگە یوئێن و سەفارەت و کونسلخانە کاریگەرەکانی بەغداد و هەولێر بهێنرێنە سەر خەت کە ئەوان ریعایەت و هاوچاوی و سەرپەرشتی رێکەوتنێكی نوێی نێوان هەردولا بکەن بۆ نەوت بەرامبەری بودجە".

له‌ كۆتایی‌ وتاره‌كه‌یدا هۆشیار عه‌بدوڵا نوسیویه‌تی‌: " دۆخی کوردستان مەترسیدارە و لە تەقینەوەدایە دەبێت پلانی خێرا و جورئەتی گەورە هەبێت لەلایەن حیزبە سیاسیەکانی کوردستانەوە کە کۆتایی بە قۆرغکاری پارتی بهێنن و لە رێگەی فشاری نێودەوڵەتی و وڵاتانیشەوە بەغداد و هەولێر ناچار بکەن بە رێکەوتنێکی نوێ".



AM:11:25:22/01/2016