"پێشنیارکراوە حکومەت ٥ مانگ مووچەی مووچەخۆران بکات بە چەک"

لەکۆبوونەوەی فراوانی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شارەزاو کۆمەڵێک لەمامۆستای زانکۆ، پێشنیار کراوە مووچەی پێنج مانگی فەرمانبەرانی بکرێت بەچەک.

ئەمڕۆ ١/٢٣ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ وەزارەتەکان ( هەر وەزارەتێک ٣ بەرپرس بەشداربوون) و ژمارەیەک پسپۆرو مامۆستای زانکۆ بۆ قسەکردن لەسەر قەیرانی دارایی لە شێوەی " ورۆک شۆپ" دا، سازکرد.

ورۆک شۆپەکە دابەشکرا بۆ چوار گرووپ، گرووپەکانی ( داهات زیادکردن، خەرجی کەمکردنەوە، چاکسازی، راگەیاندن) کە راگەیاندنی زۆربەی حیزبەکان، جگە لە میدیای گۆڕان و میدیای ئەهلی بەشداربوون.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، سەرۆکایەتی هەر چوار گرووپەکە " نیو بەنیو" دابەشکرابوون، دووان بۆ یەکێتی، دووان بۆ پارتی، لیژنەی میدیا دڵشاد شەهاب سەرۆکی بوو، رابەری بریکاری وەزیری دارای بەرپرسی لیژنەی کەمکردنەوەی خەرجی بوو، د. ئامانج سەرۆکی لیژنەی چاکسازی بوو، عوسمان شوانی سەرۆکی لیژنەی زیادکردنی داهاتبوو.

ئەو لیژنانە دوای تەواوبوونی گفتوگۆی نێوانیان پێشنیارەکانیان تۆمار کردووە تا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاریان لەسەر بدرێت.

لیژنەی کەمکردنەوەی خەرجی کە وەکیل وەزیری دارایی سەرۆکی بوو کە پارتییە، پێشنیاریان کردووە لەبەرئەوەی داهاتی هەرێم لەم دۆخەی ئێستادا تەنها ٥٠٠ ملیار دینارەو نۆ مووچە حکومەت پێویستی بە ٨٥٠ ملیار دینارە، بۆ ئەوەش ئەو پێنج مانگە مووچەیەی حکومەتی هەرێم قەرزاری فەرمانبەرانە، بکرێت بەچەک و قەرزبێت لەسەر حکومەت، بەڵام لەمانگی شوباتەوە حکومەت مانگانە مووچە بدات، بەڵام ئەو مووچەیەش لە ٢٠ تا ٧٠% کەمبکرێتەوە لە پلە نزمەکانەوە بۆ پلە بەرزەکان لە مووچەی بنەڕەتی.
    




PM:08:33:23/01/2016