داوا دەكرێت ئاوی بەنداوەكانی هەرێم بەڕووی بەغدا بگیرێتەوە
پەرلەمانتارێكی پارتی وەك رێگەچارەیەك بۆ دەربازبوون لە قەیرانی هەرێم داوا دەكات ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بەڕوی بەغدا بگیرێتەوە.
عەباس غەزالی میرخان، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دەربازیوون لەم قەیرانەی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی وتووە "بۆ ناچاركردنی بەغدا، پێویستە هەرێمی كوردستانیش گوشار بخاتە سەری بە ڕێگەی گرتنەوەی ئاویی بەنداوەكانی (دەربەندیخان) و (دووكان) لە مانگی (٤) بەولاوە و لێدانی خەندەق بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەكان بۆ ئەوەی ئاو نەگاتە ناوەڕاست و باشوور، تا ئەوكاتەی بەغدا داوا لە هەرێم دەكات بەپێی دەستوور بوودجە و مووچەمان بۆ دابین دەكات، ئینجا ئاویان بۆ بەر بدەینەوە".
بەوتەی میرخان "چونكە لە ڕووی تێگەییشتن و پێكەوەژیان و كاركردن بە دەستوور و برایەتی و پێڕۆكردنی دیموكراسییەوە، بەغدا بە زمانی زبر نەبێ تێناگات، لە رووی ناچارییەوە ئێمەیش ئەوە دەكەین و تا بەغدا پارەی گەنمی (٢٠١٤) و (٢٠١٥ ) و بوودجە و مووچەی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانمان بۆ ڕەوانە نهكات، ئێمەیش ئاویان پێ نادەین".
PM:12:05:28/01/2016