پارتی داوایه‌ك ئاراسته‌ی گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ ده‌كات
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی داوا له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كات، له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتووی بارزانی‌و لایه‌نه سیاسیه‌كان به‌شداری بكه‌ن.
له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه ئه‌مڕۆ له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجامیدا، فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند، دۆخی هه‌رێم گه‌یشتۆته ئاستێك، خه‌ڵكی ده‌ره‌كی ناوبژیوانی لایه‌نه‌كان ده‌كات.
وتیشی:"ئه‌م دۆخه وامان لێده‌كات، زیاتر بیر له‌خۆمان بكه‌ینه‌وه، چونكه ئێستا به‌دۆخێك گه‌یشتووین، ئێمه به‌عێراق ده‌ڵێین براو ئه‌وانیش پێمان ده‌ڵێن خزم، كه‌چی ئه‌وان به‌ده‌نگمانه‌وه نایه‌ن، له‌كاتی ته‌نگانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه هه‌ر چاومان له‌و ڕێگه‌یه‌یه كه بتوانین هاوكاری یه‌كتر بین، هه‌رچه‌ند شتێك نییه به‌ناوی سه‌روه‌ری عێراقه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی یه‌كێتی ئه‌وروپا، نوێنه‌ری ئه‌و وڵاتانه دژایه‌تی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌و ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ده‌رنه‌بڕیوه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا پشتیوانیشیان لێنه‌كردوه.
ڕاشیگه‌یاند، تاكه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و وه‌فده‌ی كه له‌كۆبونه‌وه‌ی نێوان (مه‌سعود بارزانی)و لایه‌نه سیاسیه‌كان پێكهێندرا، ئه‌وه‌شی وت:"ئه‌و لیژنه‌یه پێشنیازه‌كانیان تا كۆبونه‌وه‌ی ڕۆژی شه‌شی شوبات ئاماده ده‌كه‌ن‌و دواتر گفتوگۆیان له‌باره‌وه ده‌كرێت، كه تایبه‌ته به‌پرۆسه‌ی سیاسی‌و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان".
فازڵ میرانی داواشیكرد، گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی داهاتووی بارزانی‌و لایه‌نه‌كان بكه‌ن، وتیشی:"ئێمه هاوبه‌شی یه‌كترین، به‌ڵام نابێت ئه‌و هاوبه‌شیه‌ش برایه‌تی ئێمه تێك بدات، ده‌بێت هه‌ریه‌ك له‌ئێمه ئاماده‌بین، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی به‌رمانده‌كه‌وێت هه‌ڵبگرین".
PM:04:55:31/01/2016