لەخۆپیشاندانەكەی هەولێر 2 ژن‌و 3 پۆلیس بریندار بوون

ئەمرۆ لە شاری هەولێر خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی باكوری كوردستان بەڕێوەچوو كە دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی رۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە، ئەمرۆ بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە لەهەولێر چوونە بەر بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان و ویستیان دۆسیەیەک لەچوارچێوەی داخوازیەکانیان بدەنە، کاربەدەستانی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگریان لێکرا.

بەپێی هەواڵەكە  لەئاکامی ئەو ڕێگریەدا ئاڵۆزی دەرکەوتووە و هێزەکانی پارتی بە دار و فیشەک هێرشیان کردوەتە سەر چالاکوانان و لەئەنجامدا دوو ژن برینداربوون، کەیەکێکیان دەستی و ئەوی دیکەیان سەری شکاوە.

هاوكات كەناڵی رووداوی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە خۆپیشاندەران لە كاتژمێر 11:40 دەستیان بە توندوتیژی كرد و بەربەستی پۆلیسیان شكاند و هێرشیانكردە سەر پۆلیسەكان و لەئەنجامدا سێ پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان برینداربوون.

بەپێی ئەو هەواڵە خۆپیشاندەران هەروەها هێرشیانكردە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو ، كە بۆ رووماڵكردنی خۆپیشاندانەكە چوبوونە ئەوێ . لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ، كوردستان حەسەن پەیامنێر و جێگر عومەر كامێرامانی تۆڕی میدیایی رووداو ، ئازاریان پێگەیشتووە . هەروەها پێش تووندوتیژییەكەشیان هەڕەشەیان لە تیمی رووداو كردبوو .




PM:03:05:07/02/2016