لێدوانی حكومه‌تی هه‌رێم لەسەر موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران
سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكدا رایگه‌یاندووه، ئه‌و خشته‌ی حكومه‌ت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڕیاری له‌سه‌ر داوه، كاتییه و له‌گه‌ڵ زیادبوونی هه‌ر داهاتێكدا، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.
سه‌فین دزه‌یی، له لێدوانێكدا كه ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاویكردۆته‌وه و تێیدا هاتووه، وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ خۆڕاگریی فەرمانبەران و تێکڕای خەڵکی کوردستان، دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەنگاوەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردن و شەفافکردنی داهاتەکان و ئەنجامدانی چاکسازی. هەموو ئەوەش لە پێناو ئەوەی بتوانین ئەم دۆخە سەختە دارایییه تێپەڕێنین و مووچەی تەواوی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا دابین بکەین.
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم راشیگه‌یاندووه، دەزانین ئەم خشتەیەی حکوومەت بڕیاری لەسەر داوە باری مووچە خۆرانی کوردستانی گران کردووە، بەڵام ئەمە بڕیارێکی کاتی و ناچارییە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران کە لەگەڵ زیادبوونی هەر داهاتێك ئەم خشتەیە پێداچوونه‌وه و گۆڕانکاری تێدا دەکرێتەوە بە شێوەیەك کە کاریگەریی باشی لەسەر ئەو مووچەخۆرانە ببێت كه زۆرترین قورساییان کەوتۆتە سەر.
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌شدا هاتووه، لە هەمان کاتدا ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە مووچە و مافی خەڵك لای حکوومەت پارێزراو دەبێت و هەموو هەوڵەکانیشمان دەخەینە گەڕ بۆ دابەزاندنی نرخی بازاڕ و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵك، هه‌روه‌ها دەستخۆشی لەهەر کەس و لایەنێك دەکەین کە نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی دابەزاندووە یان دایدەبەزێنێت.
PM:08:38:07/02/2016