" داوا لەحیزبەکەی دەکات لەکۆمیتەی کاراکردنی پەرلەمان بکشێتەوە"

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو داوا لە حیزبەکەی دەکات لە لیژنەی کاراکردنی پەرلەمان بکشێتەوە.

لە نووسینێکدا کە ئەمشەو ٢/٨ ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراسکیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت " تکایە بکشێنەوە, کەی ڕەوایە یەکەم حزبی مەدەنی لە باشووری کوردستاندا بە دیار شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پێشێل کردنی یاساوە کات بە فیڕۆ بدات".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت" بەشداریمان لەسەرەتای کۆبوونەوەکانی کۆمیتەکەو سەردانی لایەنەکان ئەگەر پاساوی هەبوو بێت تا قسەی خۆمان و شەقام بگەیەنین و هەوڵێکی دڵسۆزانە بێت بۆ ئاشتە وایی ناوماڵی کوردی و کۆتایی هێنان بە دۆخی پڕ قەیراناوی هەرێم، بەڵام بەردەوام بوون لەناو کۆمیتەیەک تەنها کۆبوونەوەی بێ بەرهەم ئەنجام بدات هیچ پاساوێکی لۆژیکی نی یە".

ناوبراو دەلێت" لە ئێستادا کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەم هەموو کۆبوونەوەو سەردان و لیژنەیەی ناوێت، بەڵکو بڕیارێکی بوێرانەی بەرپرسیارانەی دەوێت، چونکە هیچ بەربەستێکی یاسایی نی یە بۆ بەگەڕخستنەوەی پەرلەمان لەبەرئەوەی بەڕێکارێکی سیاسی نا دیموکراسی کارەکانی پەکخراوە ، کەمان کێشە نەبوو بۆشایی یاسایی هاتە سەر!، چونکە پەرلەمان کۆنا بێتەوە، لیژنەکان دانانیشن ، چاودێری حکومەت ناکرێت ، کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەر نەکراوە".

هەڵەدنی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڕۆژانە هاوڵاتیان باجی بڕیارە چەوتەکانی حکومەت دەدەن ، مووچەی خەڵک نادرێت و دوا دەکەوێت، بۆیە لەبارێکی وادا حەق نی یە یەکگرتوو خۆی بە کۆبوونەوەی بێ هودەوە سەرقاڵ بکات ، کاتێک کە گوێی لێناگیرێت و دڵسۆزی و پەرۆشیەکەی نانرخێنرێت وسیاسەتی کات کوشتن پیادە دەکرێت بەمەش فشاری ڕاستەقینە دروست دەبێت" .

لەکۆتاییدا ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت" تکایە بکشێنەوە کەی ڕەوایە یەکەم حزبی مەدەنی لە باشووری کوردستاندا بە دیار شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پێشێل کردنی یاساوە کات بە فیڕۆ بدات".




PM:10:43:08/02/2016