پارێزه‌رانی سلێمانی خشته‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌تده‌که‌نه‌وه‌

له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا پارێزه‌رانی سلێمانی خشته‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی کوردستان ره‌تده‌که‌نه‌وه‌و داوای وه‌گه‌رخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و سیسته‌می ( لامه‌رکه‌زی ) ده‌که‌ن.

پارێزه‌رانی سلێمانی له‌ به‌یانێکدا له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، که‌ دانه‌یه‌کی بۆ سپی نێردراوه‌ ده‌ڵێن"   ئێمە وەك پارێزەرانی سلێمانی لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانی و یاساییمان كە بەدەرین لە هەموو بەرژەوەندیەكی تایبەتی و لە پێناو هێنانەدی سەروەری یاسا و دادپەروەری كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە لەو بارە ناهەموارەی كە دەگوزەرێت و لێكەوتەی خراپی داناوە لەسەر سەراپا خەڵكی كوردستان و باڵی كێشاوە بەسەر هەرێمەكەماندا و پێشبینی خراپتری لێدەكەین".

ده‌قی به‌یانی پارێزەرانی سلێمانی:
 بۆ خەڵكی كوردستان و ڕای گشتی :
   بەداخەوە لە ئێستادا جارێكی تر هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی نا ئاسایی تێپەر دەبێت بەهۆی سەرهه‌ڵدانی قەیرانی دارایی و سیاسی و ناسەقامگیری باری ئاسایش و دەستخستنە ناو دەسەڵاتی یاسا دانان و دەسه‌ڵاتی دادوەری و، زیاتر دەركەوتنی هەژمونی حكومەت بە سەر تەواوی كایەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، ئەمانە هەمووی پێشێل كاری زەقی بنەما نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و یاسا ناو خۆییەكان و سەروەری یاسایە، بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بێباكانە بەبێ گەڕانەوە بۆ شارەزایان و بەكارهێنانی زۆرە ملێی دەسەڵاتەكانی خۆی، دەستی داوەتە كۆمەڵێك ڕێ و شوێن بەبیانوی چارەسەركردنی قەیرانەكان.
   ئێمە وەك پارێزەرانی سلێمانی لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانی و یاساییمان كە بەدەرین لە هەموو بەرژەوەندیەكی تایبەتی و، لە پێناو هێنانەدی سەروەری یاسا و دادپەروەری كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە لەو بارە ناهەموارەی كە دەگوزەرێت و، لێكەوتەی خراپی داناوە لەسەر سەراپا خەڵكی كوردستان و باڵی كێشاوە بەسەر هەرێمەكەماندا و پێشبینی خراپتری لێدەكەین، هەر بۆیە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین و پێشنیاری ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكەین وەك دەرچەیەكی گونجاو بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان لە ئێستا و لە داهاتودا :
1/ بەدیهێنانی شەفافیەت لە داهات و خەرجیەكاندا و  وازهێنان لە سیستەمی نۆێی مووچەی فەرمانبەران .
2/كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان كە باڵاترین سەرچاوەیە بۆ بونی یاسا و سەروەر بوونی، لە بەرئەوەی هەنگاوەكانی  پیادەكردنی چاكسازی ڕیشەیی لەم دەزگایەوە متمانە وەردەگرێت.
3/چەسپاندن و دەركردنی بڕیاری پێویست كە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی (لامەركەزی اداری و دارایی) بكەن لەڕوی خۆبەڕێوەبردنەوە بە زووترین كات .
 بۆ ئەم مەبەستەش ئاگاداری سەرجەم خەڵكی كوردستان و سەرجەم  سەندیكاكان  و یەكێتیەكان و ڕێكخراوەكان دەكەین كە لە كاتی بەردەوام بونی دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا، بەهەماهەنگی پەناببرێتە بەر مانگرتنی ئاشتیانە و بە شێوەیەكی شارستانیانە فشار بخرێتە سەر لایەنی پەیوەندیدار و گشت لایەنێك بۆ دەرچون لەم  دۆخەی ئێستاو، دۆزینەوەی دەرچەیەكی گونجاو كە یەكانگیر بێت لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان. 
                                                                                             پارێزەرانی سلێمانی
                                                                                               12/2/2016                        




PM:05:15:12/02/2016