"با ملیاردێرەکانی دەوروبەرتان بەشێک لەپارەکانیان بکەنە بەڵاگێڕەوەی خۆیان"
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی چەند پێشنیازێک دەداتە بەرپرسانی ھەرێم و داوایان لێدەکات بەئامانجی چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکانی ھەرێم لەبەرچاوبگیرێن و دەڵێت"دان بەھەڵەو کەموکوڕییەکانتاندا بێنن، لەبواری بەڕێوەبردنی ھەرێمدا".
عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لەنوسینێکیدا بەناوی(باوریابین لەپەنای بێزارییو تووڕەییدا، دەرگای ئاژاوەو وێرانکاریی بەسەرخۆماندا نەکەینەوە!) ژمارەیەک پێشنیاز بۆ بڕیار بەدەستەکانی ھەرێم دەخاتەڕوو.
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لەنوسینەکەیدا دەڵێت:"لەڕابردوودا بەزۆرشێوەو لەزۆربۆنەدا، نەخشە ڕێگاو پێشنیازی جۆراوجۆرتان خرانە بەردەست، بۆچارەسەری کێشەو قەیرانەکانو، زۆر تکاو ڕەجاتان لێکرا، کە گرێی دەستان نەخەنە ددانانو پێتان گوترا: کات لەدەست مەدەنو، ئەوەی ئێستا بەدوو ھەنگاوان دەکرێ، دواتر بەسەد ھەنگاویش ناکرێ، بەڵام گوێتان پێنەداو، ھەلپەرستە سوودمەندەکانی دەورو بەرتان، بەسەھوویان بردنو واقیعەکەیان بەجۆرێکی دیکە پێشاندان!"
بۆچارەسەرکردنی قەیران و کێشەکانیش چەند پێشنیازێکی دەخاتەڕوو و ھیواخوازە ھەرچی زووترە ئەنجامبدرێن، لەوانەش:
١- ڕووبەڕووی خەڵکو جەماوەر، دان بەھەڵەو کەمو کوڕییەکانتاندا بێنن، لەبواری بەڕێوەبردنی ھەرێمداو، داوای لێبوردنیان لـێبکەن، بەڵکو ئەندازەیەک لە تووڕەییو بێزاریی خەڵک بەرانبەرتان کەمبێتەوە.
٢- با دەستبەجێ بارودۆخی سیاسیی وڵات ئاسایی بکرێتەوەو، زەمینەی کۆبونەوەی ھاوبەشی لایەنە بنەڕەتییەکانی ھەرێم ساز بکرێ، چونکە بەبێ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخ، کۆبوونەوەکان نیوەچڵو بێ ئەنجام دەبن، ھەربۆیەش من ھەمیشە گوتوومە: پێویستە پێش کۆبوونەوەکان، بارودۆخ ئاساییو یاسایی بکرێتەوە، نەک وەک ھەندێک چەواشەکار دەڵێن: گوایە من داوای کۆبوونەوەم کردوەو، دواییش نەچووم! کە ئەوانە قسەکەمیان وەک: (لاتقربوا الصلاە...) لێکردوە!
٣- فشار بخەنەسەر ملیاردلێرەکانی دەوروبەرتان، کە لەپەنای حکوومەتی قەرزدارو لات کەوتووی ھەرێمدا، سامانی ناڕەوای زۆرو زەوەندیان وەسەرێکناوە، باچەند ملیارێک بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، بەڵکو بەخێرایی باری لاری گوزەرانی خەڵکی ھەژاری تۆزێک پێ ڕاست بکرێتەوەو، با ئەو ساماندارانە بەشێک لەپارەکانیان، بکەنە بەڵاگێڕەوەی خۆیانو، ئەو قەوارەسیاسییە کە لەپەنایدا دەوڵەمەندبوون!
لەکۆتایشدا عەلی باپیر دەنووسێت:"لەھەندێک بڕیاری چاکسازییش کە لەملاولاوەو، لەژێر فشاری واقیعدا دراون، بێ خەبەر نیم! وەمن دەستخۆشیی لەھەر بڕیارێک دەکەم کەدەکرێتە کردارو لەچوارچێوەی قسەی ڕووتدا نامێنێتەوە، چونکە: (ھەزار بریاڕو قسەی باش، بەکردەوەیەکی باش نابن !).
PM:04:33:13/02/2016