داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێكی رۆشنبریی‌و كۆمپانیا مەدا دەكرێت

دیوانی چاودێری دارایی هەرێم داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێكی نێوان وەزارەتی رۆشنبریی‌و كۆمپانیای (مدی) دەكات كەساڵانە بڕێكی زۆر داهات بۆ (مدی) هەیە.

لە راپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كە لەسەر داوای دەستەی مافی گشتی ئامادەكراوە‌و  وێنەیەكی دەست سپی كەوتووە، وردبینی لەسەر گرێبەستێكی نێوان وەزارەتی رۆشنبری‌و لاوانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا (مدی) بۆ راگەیاندن‌و رۆشنبری‌و هونەرەكان كراوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە ئەو گرێبەستە لەساڵی 2009 لەنێوان هەردوو لا واژۆكراوە ‌و دیوان داوادەكات كە وەزارەتی رۆشنبری داوای میزانیەی (حسابات ختامیە) پەسەندكراوی ساڵانە بكات لە كۆمپانیا مەدا.

بەپێی راپۆرتەكە كۆمپانیای مەدا هەڵدەستێت بەسازدان‌و رێكخستنی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب، بەڵام لە گرێبەستەكەدا هیچ ماوەیەكی دیاریكراوە بۆ كۆتایی هێنان بەگرێبەستەكە دیارینەكراوە‌و ئەمەش لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی ناگونجێت.

راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی هەروەها لە دەنوسێت: كۆمپانیای (مدی) ساڵانە 600 هەزار دۆلار داهاتی هەیە‌و بۆ ئەمەش داوای پێكهنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەكات بۆ بەدواداچوون‌و وردبینی لەم داهاتە.

دیوان بە ئاماژە بەو تێبینییانە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری‌و كۆمپانیای مەدا دەكات.














PM:05:08:14/02/2016