پسپۆرێکی سیاسی: نێچیرڤان بارزانی دەست لەکار بکێشەوە

ئاکادیمی و مامۆستای زانکۆ، د. شێرکۆ کرمانج بە سەرۆکی حکومەت دەڵێت" نێچیرڤان بارزانی دەست لەکار بکێشەوە".

د. شێرکۆ کرمانج لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەلآیەتی فەیسبووک بەناونیشانی ( ئەگەر عەبادی مووچەمان بۆ دابینبکات ئێمە نەوتی ڕادەستدەکەیت)، دەڵێت" من دەڵێم، کاک نێچیرڤان بارزانی کە نەوتەکەت ڕادەستکردن توخوا ئیستیقالەکەشت ڕادەستی، وەڵا نازانم بنوسم کێ بکە چونکە سەرۆکەکەت هەشت مانگە ماوەی بەسەرچووەو سەرۆک پەرلەمانەکەشت بەدەستی خۆت لەسەرکارلادا".

شێرکۆ کرمانج کە دکتۆرای له‌ دیراساتی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانکۆی ساوس ئوسترالیا، لە وڵاتی ئوسترالیا، ته‌واوکردوە، دەڵێت"ئاخر بۆ ئیستیقالە پێشکەش ناکەیت مەگەر هەر تۆو وەزیرە جێگەی متمانەکەتی تۆ نەبوون کە دوو ساڵە تەپڵی سەربەخویی ئابوری‌و سیاسەتی نەوتی سەربەخۆمان بۆ لێدەدەن".

ئەو کەسە ئەکادیمییە کە ئێستا لە زانکۆی ئوتارا لە مالیزیا لە سکوڵی دیراساتی نێودەوڵەتی مامۆستایەو وانەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێتەوە، ئەوە بیری نێچیرڤان بارزانی دەخاتەوە " ئەوە بیست ساڵە سەرۆکی حکومەتی هەرێمیت، بارێکت بەسەر بودجەی هەرێمدا دروستکردوە کە بە عوج بن عەناقیش هەڵناگیرێ،کونێکت لە بودجەی هەرێم کردوە کە هەرچی پینەدۆزی ئەو دنیایە هەیە بیهێنێت پێیان نادورێتەوە، هەزار موستەشارت لە خۆت کۆکردۆتەوە کە نازانن دوو ڕستەت بۆ بنوسن.. ئاخر چ بنوسم دە شەو و دە ڕۆژی دیکە باسی شکستەکانت بکەم هەر تەواونابن.. بڕۆ ئیستیقالەکەت پێشکەش بکە کاکی خۆم کوردستانت کرد بە شکستان و قەیرانستان، تازە بە تازە دەتەوێت ڕادەستی عەبادیمان بکەیتەوە".

دوای ئەو قەیرانە دارایی و ئابورییەی هەرێم دووچار بووە، رۆژ بەرۆژ ئەو دەنگانە لەبەرزبوونەوەدان کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی حکومەت، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستەکەی دەکەن.




AM:10:20:20/02/2016