روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی لە روونكردنەوەیەكدا هەوڵێكی كەناڵی (KNN)‌و سایتی سبەی رەتدەكاتەوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-یەوە


لە چەند ڕۆژی ڕابردودا کەناڵی (KNN) و سایتی (سبەی) هەواڵێکی چەواشکاری و پڕ لە درۆی بەناونیشانی (KNN گەندەڵیەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرا دەکات) بڵاوکردەوە. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ڕەتکردنەوەی تەواوی زانیارییەکانی ناو هەواڵەکە, جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە تەواوی زانیارییەکان درۆی شاخدارن و دورو نزیک پەیوەندییان بە ڕاستیەوە نیە, بەڵکو ڕاستی هەواڵەکە بەم شێوەیەیە:

-         لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو "خاتونە خێزانی یەکێک لە لێپرسراوی دامەزراوەکانی وەزارەتی  خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیە"، لە ڕاستیدا ( دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ) خێزانی هیچ یەکێک لە لێپرسراوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی نیە, بەڵکو هاوسەرەکی ناوی (د.دیرک ئایوانیدۆ)یە, کە بەڕەگەز ئاڵمانیەو پێکەوە لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی بۆ ماوەی (٤) ساڵە کاردەکەن و, کارەکانیشیان بەشێوەیەکی ڕێک و پێک ئەنجامداوە.

-         سەبارەت بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی, جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە نوێکردنەوەی گرێبەست لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نیە, بەڵکو وەزارەت ساڵانە سەرجەم گرێبەستەکان لەسەر داوای دەزگاو دامەزراوەکانی بەرز دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران, هەر کاتێکیش ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکان پیشاندا, ئەو کات دامەزراوەیی پەیوەندارە گرێبەستەکەی لەگەڵ نوێ دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵی (٢٠١٦) تا ئێستا بەهەمان سیستمی نوێکردنەوەی گرێبەست, سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی (٣٢٩) کەس داوە, نوێکردنەوەی گرێبەستی (دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ) ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە, بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا نەخۆشەو لە دەرەوەیە  لەلایەن دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی گرێبەستەکەی بۆ نوێ نەکراوەتەوە, بۆیە فرمانی کارگێڕی گرێبەستەکەی بۆ دەرنەکراوە و دەست بەکار نەبۆتەوە, هەر کاتێک دەست بەکاربوەوە و فرمانی کارگیڕی بۆ دەرچوو لەو کاتەوە موچەکەی بۆ ئەژمار دەکرێت.

-         (دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ) پڕۆفیسۆرێکی بەناوبانگی بواری بایەلۆژیەوە و, لە ماوەی کارکردنیشدا لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی لە (٦) پڕۆژەدا کاری کردوەو, لە ئێستاشدا لە (٣) سێ پڕۆژەی دیکەدا بەشدارە, تاقیگەی بۆ دەستەی کوردستانی دروستکردوەو, چەندین کادیریشی پێگەیاندوە, لە هەمان کاتدا توێژینەوەی ئاست بەرزی جیهانی ئەنجامداوەو پەرتوکێکیشی لەسەر بایەلۆژی کوردسان لەژێر چاپدایە, هەروەک لە پڕۆژەی(Kurdish Genom) لەگەڵ نەمساو ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بەشدارە.

-         سەبارەت بەبڕی پارەکەش کە لە هەواڵەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە, بۆ ڕایی گشتی ئەوە ڕون دەکەینەوە کە بەپێیی ڕێنمایی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران, زۆربەی ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی  باڵان و پسپۆڕی بیانین و لە دامەزراوە جیاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت, ئەو بڕە موچەیەی بۆ دیاریکراوە، بەهەمان شێوەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان ئەگەر گرێبەستەکەی بۆ نوێ بکرێتەوە, بەهەمان شێوە دەچێتە ژێر سیستمی نوێی موچەوە, بەوەش بڕەکەی دەبێتە (١٧٥٠,٠٠٠) هەزار دینار, ئەو بڕەشی کە دەمێنێتەوە بۆی پاشکەوت دەکرێ.

-         هەر کەس و لایەنێک کە ئارەزوی دەسکەوتنی ڕاستیەکانە دەتوانێ سەردانی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی و, وەزارەتی خوێندنی باڵا  و توێژینەوەی زانستی بکات.

-         هیوادارین ئەمە تەنها هەواڵی هەڵبستراوی ئەو دوو دەزگایە بێ, تا خوێنەران و بینەرانی کەناڵی (KNN) و سایتی سبەی بەچاوی گومان لە هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵەکانی دیکەیان نەڕوانن.

-         بەهۆی ئەوەی سەرلەبەری هەواڵەکە چەوشاکاری و بوختان و درۆیە, چاوەڕی دەکەین کەناڵی (KNN) و سایتی سبەی بەڕەسمی داوای لێبوردن لە کەس و لایەنی پەیوەندار بکەن.

-         بەپێچەوانەوە وەک وەزارەت بەمافی یاسایی خۆمانی دەزانین کە لە دادگا سکاڵا  لەبەرامبەر کەناڵی (KNN) و سایتی سبەی تۆمار بکەین و, ئەوکاتیش داوای قەربۆی مادی و مەعنەوی دەکەین.



PM:02:03:28/02/2016