کەناڵێکی ئاسمانی کوردی دەست بە پەخش دەکاتەوە

کەناڵی پلیستانک کە ماوەی دوو هەفتەیە بە هۆی قەیرانی داراییەوە داخراوە، ئەمڕۆ دەستی بە پەخشی خۆی کردەوە.

لە پێگەی فەرمی کەناڵەکە بڵاوکراوەتەوە "ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین جارێکی تر توانیمان بگەڕێینەوە خزمەت منداڵەکانتان و خەندە بگێڕینەوە سەر لێویان، ئێمە لێرەوە زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەین، کە هەمیشە پشتگیریمان بون لەم رەوشە ناخۆشە، هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە مادی و مەعنەوی هاوکارمان بوون".

هەروەها کەناڵی پلیستانک ڕاشیگەیاندووە "بۆ ئێمە منداڵان گەورەترین گەوهەرن، بۆیە ئێمە کەوتینە ژێر پاڵە پەستۆیەکی زۆری رۆحی و ویژدانی، کە نابێت منداڵان بێ ناز بکەون، تەنانەت وەک خاوەن و بەڕێوەبەرایەتی پێلستانک، ئەگەر گیانیشمان لە پێناو دابنێین دەبێ جارێکی تر دڵی منداڵان خۆش بکەینەوە، هەر بۆیە شەو رۆژمان کردە یەک تا ئەوەی گەویشتنە ئەم هەواڵە خۆشە بۆ هەموو لایەک، جارێکی تر سوپاس بۆ پشتگیریتان ، هەروەها پیرۆز بێت لە هەموو منداڵانی کوردستان، بەڵێنتان پێ دەدەین، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ، بە باشترین پەروەردە و جوانترین رەنگ بێینەوە خزمەت منداڵەکانتان".

کەناڵی پلیستانک کەناڵێکە سەر بەکەرتی تایبەتە و تا ئێستا نازانرێت چ لایەن و کەسێک پشتگیری کردوون بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەخشی کەناڵەکە.




PM:06:04:15/03/2016