خاوەنی نالیا: گرنگ ئەوەیە خوێن نەڕژا

خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا لەسەر پشێویەکەی ئەمڕۆی جاڤی لاند دەڵێت" ئەوەی ڕوویدا ناخۆش بوو، بەڵام خۆشبەختانە کە خوێنی کەسی تیا نەڕژا و هەموو لایەک سەلامەتن".

لە پەیامێکدا شاسوار عەبدولواحید سەبارەت بەو پێشێویەی ئاهەنگی نەورۆژی جاڤی لاندا دروستبوو دەڵێت" هیج کات شوشە شکاندن و سەیارە سوتاندن و بەرد گرتنە هەر شتیک نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کاردانەوەی ناتەندروست و نابەرپرسیارانەی لێ بکەوێتەوە".
 
دەقی پەیامەکە
ئەوە کە ڕووویدا لە چاڤی لاند سەرباری ئەوەی کە ڕووداویکی ناخۆش بوو، بەڵام خۆشبەختانە کە خوێنی کەسی تیا نەڕژا و هەموو لایەک سەلامەتن.
زیانی ماددی قەرەبوو دەکرێتەوە و کێشە نییە و شایەنی خەفەت بۆ خواردن و ناڕەحەتی نییە، هیج کات شوشە شکاندن و سەیارە سوتاندن و بەرد گرتنە هەر شتیک نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کاردانەوەی ناتەندروست و نابەرپرسیارانەی لێ بکەوێتەوە.
سەبارەت بەوەی هەندێک کەس خەڵکانی شاری سلێمانی تۆمەتبار دەکەن بەم ڕووداوە یان بە عەکسەوە خەڵکانی تری دەرەوەی شاری سلێمانی تۆمەتبار دەکەن، ئەوە بە ڕای من ئەمانە کەسانی نابەرپرسیارن و دوورن لە هەستی نیشتمانی و هەستکردن بە کوردایەتییانەوە و بەردەوام خەریکی ناوچەگەری و شارچێتین. لەبەر ئەوەی لە هیچ شوێنێکی دونیادا ملیۆنان کەس بە هۆی هەڵسوکەوتی چەند کەسێکەوە نابێت حوکم بدرێن یان ڕای خراپیان لەسەر بوترێت.
لە کۆتاییدا تەنها ویستم ئەوەتان پێ بڵێم کە کردنەوەی چاڤی لاند و بیرۆکەی ئەوەی کە خەڵکی بە پارەیەکی کەم بچێتە ژوورەوە تەنها لە پێناو ڕەخساندنی شوێنێکی خۆش و ئارام بوو بۆ هاونیشتمانیانی خۆشەویستم، بە هیوای ئەوەی کاتێکی خۆشی تیا بەسەر بەرن. دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەر بەردەوام دەبین لەم جۆرە کارانە و ئەم جۆرە پرۆژانە.

شاسوار عەبدولواحید
خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی نالیا



PM:10:40:20/03/2016