بارزانی لە پەیامێکی پەلەدا کە دوای پەیامەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوکرایەوە دەڵێت" كاندیدكردنی كەسی تازە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری یان لادانی وەزیرەكان لە حكوومەتی عێراقیدا بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە چونكە بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا پێشێل كراوە".
لەو روونکردنەوەیەدا کە بەناوی وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە ئەو پەیوەندییە تەلەفونیانە ئاشکرا دەکات کە لە سێ رۆژی رابردوودا لەنێوان عەبادی و بارزانیدا روویداوە.
دەقی روونكردنەوەی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
لە ژمارەیەك میدیا و دەزگای راگەیاندندا وا بڵاو كراوەتە كە لەبارەی پێشنیارەكان بۆ گۆڕانكارییە وەزارییەكان و لادانی وەزیرەكان و كاندیدكردنی كەسی تر بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراقی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كردووە. لێرەدا سەبارەت بە پێشنیارەكان بۆ گۆانكارییە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراقی و هەڵوێستی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە بەلای سەرۆك بارزانی گۆڕانكاریی وەزاری و كاندیدكردنی كەسی تازە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری یان لادانی وەزیرەكان لە حكوومەتی عێراقیدا بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە چونكە بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا پێشێل كراوە و مانای نەماوە. كە شەراكەتیش نەما كورسیی وەزارەت چ بەهایەكی دەمێنێت؟
هەروەها ئەوەیش ڕادەگەیێنین كە لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە 26ـی 3ـی 2016ـیشدا بە هیچ شێوەیەك باسی پێشنیارەكان بۆ گۆڕانكاریی وەزاری لەنێوانیاندا نەكراوە. بەڵكو لە 28ـی 3ـی 2016 لەمبارەیەوە سەرۆك كۆماری عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كردووە و، تێیدا سەرۆك بارزانی ناڕازی بووە لە نەمانی بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا.
گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان