گۆڕان بەشداری كۆبوونەوەی کوتلە کوردستانیەکانی لەبەغدا نەكرد

كۆبوونەوەی نوێنەرانی كورد لە بەغدا لەسەر گۆڕانكارییه‌ وه‌زاریه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی و پشكی كورد بە بێ بەشداریی گۆڕان كۆتایی پێهات.

ئه‌مڕۆ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌به‌غدا بۆ دووه‌م رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك كۆبونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ تاوتوێكردنی‌ گۆڕانكاری‌ وه‌زاری‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ كۆتایی هه‌فته‌ی‌ رابردوو ناوی‌ كاندیده‌كانی‌ بۆ كابینه‌ی‌ ته‌كنۆكرات خسته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان كه‌ له‌ 16 كاندید پێكهاتووه‌و و ناوی‌ چه‌ند كاندیدێكی‌ كوردی‌ تێدایه‌.

لەكۆبوونەوەی ئەمرۆ فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری نەكرد. لەمبارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە سپی وت: یەکەم ئێمە تەحالوفمان نیە تا ملتزم بین بەکۆبونەوەی هاوبەش، پاشان دوێنێ وەک سەرۆکی فراکسێۆن رای خۆم بۆ سەرۆک فراکسێۆنەکان نوسیبوو کە وەک فراکسیۆنی گۆران پێمان باش نیە، تەنیسقی ئێمە لەسەر مەسەلەی نوێنەرایەتی کورد و پرسە ستراتیژییە نەتەوەییەکانە، بەڵام لە ئاستەکانی تر وەک فراکسێۆنی گۆڕان روئیا و جیهانبینی و بۆچونی خۆمان هەیە ...

وتیشی: پێشتر ئەوترا گوایە چەند وەزیرێک ئەگۆرێت ئێستا رونە کە هەموو وەزارەتەکان ئەگۆرێت بۆیە وەک گۆران تەئیدی ئەوە دەکەین کە حکومەتێکی بەهێزی کاریگەر بۆ دژایەتی فەساد بە پاراستنی بنەمای شەراکەت دروست ببێت .

نوێنه‌رانی‌ كورد له‌به‌غدا له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورد كاندیدی‌ هه‌بێت بۆ پۆسته‌كانی‌ له‌كابینه‌ی‌ نوێی عیراق، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراقیش  له‌سه‌ر پشكی‌ كورد جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی لایه‌نه‌كان كاندید ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.



PM:02:31:02/04/2016