كڕینو فرۆش بە مادەی مەترسیداری "شیشە" لەهەرێم زیادی كردوە
بەوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی بازرگانی كردن بە مادەی مەترسیداری "شیشە" لە هەرێمی كوردستان زیادی كردوە.
عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "لە ماوەی سی مانگی ئەمساڵدا ٥٠ کەس بەتۆمەتی بەکارهێناو بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراوە".
هەروەها وتی "هەتا ساڵی ١٩٩٠ عێراق پاکترین وڵات بووە بە کوردستانیشەوە، کە ماددەی هۆشبەری هەر تێدا نەبووە، بەڵام لەدوای کۆڕەو شەڕی ناوخۆ و کۆچکردن بۆ هەندەران و نەتوانینی خۆمان بۆ پاراستنی سنورەکان سەریهەڵدا، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە ئێمە دراوسیی وڵاتێکین بەکارهێنەری زۆرە و ئەویش دراوسێی ئەفغانستانە".
ناوبراو ئەوەشی وت "لەهەرێمی کوردستان لە ئێستادا بازرگانی پێوەکردنی ماددەی هۆشبەرەوە زیادی کردووە و کڕیاریشی زۆرە، بەڵام خۆسبەختانە نەبووەتە دیاردە و دەبێت ڕێی لێبگرین، چونکە یەکێک لەوماددانەی کەزۆر مەترسیدارە شیشەیە، ئەوانەی بەکاری دەهێنن سەرپێچی دەکەن و شەر دەکەن".
هەروەها وتیشی "هەتا ئێستا شوێنێکمان نییە بۆ ئالودەبووان، ئەوانەی دەستگیر دەکرێن ڕەوانەی دادگا دەکرێن و لەوێشەوە بۆ چاکسازی گەوران، کە زۆرخراپتری لێدیت لەوەی کەلەدەرەوە بێت".
عەمید جەلال ئەوەشی وت " ماددەیەکی زۆر دەچێتە ناو چاکسازی گەورانەوە، لەشوێنی زۆر حەساسدا دەستگیراوە بەسەر ماددەی هۆشبەردا کە ویستویانە بیبەنە ژورەوە بۆ ناو زیندان".
PM:03:05:03/04/2016