رێکخراوێكی ئەڵمانی پاڵپشتی دارایی خوێندكارانی هەرێم دەكات
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رێكخراوی دادی ئەڵمانی زماڵەی خوێندن پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم خوێندكارانی هەرێم دەكات.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە:
ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی بڕیاریدا ژمارەیەک زەمالەی خوێندن پیشکەش بە ئاوارەکانی سوریا لە هەرێمی کوردستان و ئەو خویندکارانەی هەرێمی کوردستان بکات کە پێویستیان بەپالپشتی دارایی هەیە بۆ درێژەدان بەخوێندن.
ئەو بریارەی ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی لە میانەی دیدارێکی بەرپرسی یەکەمی زەمالەی ڕێکخراوەکە لەگەڵ وەزیری خویندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی ئاشکرا کرا، کە ئەمرۆ دووشەممە، ڕێکەوتی (١١/٤/٢٠١٦) سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
لەو دیدارەدا کە بەئامادەبونی د.ئامانج سەعید ڕاویژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانی وەزارەت، خاتوو دیدار داودی نوێنەری ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی لە عێراق بەڕێوەچوو گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتای دیدارەکەدا، کریستا هویلسهورستەر لێپرسراوی یەکەمی زەمالەی نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی ڕاگەیاند: خۆشبەختانە دوای پەیوەندی بەردەوام و ڕاگۆڕینەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵێک بە ڕێکخراوی داد، بڕیاریماندا لە سێ لاوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی بکەین، بۆ ئەوەش بریارماندا ژمارەیەک زەمالەی خوێندن پێشکەش بەئاوارەکانی سوریا بکەین، بۆ ئەوەی بتوانن بەسیستمی پارالێل لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان درێژە بەخویندنی (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) بدەن، لەهەمان کاتدا بەشێکی ئەو زەمالانە بۆ ئەو کاندیدانەی هەرێمی کوردستان دەبێت کە پێویستیان بەپاڵپشتی دارایی دەبێت بۆ ئەوەی بەسیستمی پارالێل لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن، هاوکات نەخشە ڕێی جێبەجیکردنی ئەو بڕیارەش بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی دانرا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ئەو لێپرسراوەی ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی وتی: ڕێکخراوەکەمان هاریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی، هەروەک تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە پڕۆپۆزەڵی ئەو پڕۆژەیەش گەیشتۆتە ڕێکخراوەکەیان و لە ئێستادا کاری لەسەر دەکەن. ئەو پڕۆژەیە بەهەماهەنگی ئەنجومەنی نیشتیمانی بۆ توێژینەوەی زانستی ئاڵمانی جێبەجێ دەکرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا ژمارەیەک لە بڕیار بەدەستدانی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی ئاڵمانی لە ئەمساڵدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا کریستا هویلسهور ئامادەیی ڕێکخراوەکەیانی پیشاندا کە لە بابەتی ناسێنترالیزمی کارگێڕی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کاری لەسەر دەکات بەڕەوانەکردنی کۆمەڵێک شارەزاو پسپۆڕی بوارەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ بەشداریکردن لەو دیدارانەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەنیازە بۆ ئەو مەبەستە ڕێکیان بخات.
لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، خۆشحاڵی بەو هەماهەنگی و هاوکاریانەی ڕێکخراوی دادی ئاڵمانی نیشانداو بەدەسکەوتی گەورەو گرنگ لە بواری خوێندن و زانست بۆ هەرێمی کوردستان وەسفی کرد، هیواشی خواست لە پەیوەندییەکانیان بەردەوام بن بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوان هەردوولا.
PM:02:19:11/04/2016