نوسەرانو رۆژنامەنوسان داوای كۆتاییهێنان بە گەمارۆی رۆژئاوای كوردستان دەكەن
ژمارەیەك نوسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوس و هونەرمەندو ئەکادیمی لە کوردستان لە یاداشتێكدا خوازیاری كۆتایی هێنان بە گەمارۆی ئابوریو كردنەوەی سنورەكانی باشورو رۆژئاوای كوردستان دەكەن.
لە یاداشتەكەدا هاتووە " بۆ ماوەی مانگێک زیاترە بەبڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان خاڵە سنوریەکانی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوەتی داخراوە. بەپێی زانیاری و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیە لۆکاڵی و نێودەوڵەتیەکان، داخستنی سنورەکان بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاکامی ئابوری خراپی لێکەوتوەتەوەو بوەتە هۆی دروست بونی قەیرانی ئابوری و ئاستەمکردنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان. بێگومان ئەگەر ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و قات وقڕی، چونکە هەرێمی کوردستان تاکە دەروازەیە بەسەر ڕۆژئاوادا..".
هەروەها هاتووە "جێگای هەڵوێستەو لەسەر ڕاوەستانە پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە راگەیاندنەكانیدا پێداگری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی گەلی كورد دەكات، لەم هەلومەرجە ناسکەدا سنوورەکان بەسەر بەشێک لە گەلی کوردستاندا دادەخات و بەبێ هۆکارێکی ڕون و ئاشکرا پەنا دەباتە بەر گەمارۆدان و برسیکردنی کوردانی ڕۆژئاوا. لەوەش خراپتر ڕازیبونی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای ژێر چەتری (پ.د.ک)ە بە گەمارۆی ئابوری و برسیکردنی خەڵک، ئەمەش جێگەی ڕەخنەو لەسەر ڕاوەستانەو یادەوەری گەلی ڕۆژئاوا و مرۆڤایەتیش ئەم سیاسەتی برسیکردنە لە بیر ناکەن.".
دەقی یاداشتەكە بخوێنەرەوە:
یاداشتێک دەربارەی گەمارۆو برسیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان
بۆ ماوەی مانگێک زیاترە بەبڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان خاڵە سنوریەکانی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوەتی داخراوە. بەپێی زانیاری و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیە لۆکاڵی و نێودەوڵەتیەکان، داخستنی سنورەکان بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاکامی ئابوری خراپی لێکەوتوەتەوەو بوەتە هۆی دروست بونی قەیرانی ئابوری و ئاستەمکردنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان. بێگومان ئەگەر ئەم ڕەوشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و قات وقڕی، چونکە هەرێمی کوردستان تاکە دەروازەیە بەسەر ڕۆژئاوادا..
ئەم داخستنەی سنورەکان بەسەر ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستاندا لە کاتێکدا دێت، کە هێزە سیاسیەکانی ئەو هەرێمە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە ڕوبەڕوی هێڕشی گروپە تیرۆریستەکانی سوریا بونەتەوەو سەرنجی هەمو جیهانیان لە ڕوبەڕوبونەوەدا دژی داعش بۆ لای خۆیان ڕاکێشاو بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی توانیان هەرێمەکەیان لە هەڕەشەی داگیرکردن و مەترسیەکانی داعش و بەرەی نوسرەو ئەحراری شام لە جەزیرەو کۆبانی و عەفرین دوربخەنەوە. لەلایەکی ترەوە سنورەکانی تورکیا نەک بەتەنها بەسەر ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوادا داخراون، بەڵکو بوونەتە دەرگای پەڕینەوەی تیرۆریستان و هێڕشی بەردەوام بۆ سەر دانیشتوان. جێگەی ئاماژەیە زۆربەی ڕێگا وشکانیەکانی نێوان ڕۆژئاواو ناوچەکانی تری سوریا لەلایەن هێزە توندڕەوەکانی سوریاوە کۆنترۆڵ کراون و دەرگای بازرگانی و گواستنەوەی خۆراک و پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک بەیەکجاری داخراون.
جێگای هەڵوێستەو لەسەر ڕاوەستانە پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە راگەیاندنەكانیدا پێداگری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی گەلی كورد دەكات، لەم هەلومەرجە ناسکەدا سنوورەکان بەسەر بەشێک لە گەلی کوردستاندا دادەخات و بەبێ هۆکارێکی ڕون و ئاشکرا پەنا دەباتە بەر گەمارۆدان و برسیکردنی کوردانی ڕۆژئاوا. لەوەش خراپتر ڕازیبونی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای ژێر چەتری (پ.د.ک)ە بە گەمارۆی ئابوری و برسیکردنی خەڵک، ئەمەش جێگەی ڕەخنەو لەسەر ڕاوەستانەو یادەوەری گەلی ڕۆژئاوا و مرۆڤایەتیش ئەم سیاسەتی برسیکردنە لە بیر ناکەن.
ئێمە وەک ژمارەیەک لە نوسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوس و هونەرمەندو ئەکادیمی لە کوردستان داوا دەکەین جیاوازی و ململانێی سیاسی نەبنە هۆی برسیکردنی خەڵک و دەرگاکان بەسەر ڕۆژئاوا دا بکرێنەوە. جەختیش لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە داخستن و كردنەوەی سنوری نێوان باشوری كوردستان و رۆژئاوا نەبێتە بەشێك لەململانێی سیاسی و وەك كارتی گوشار بەكارنەهێنرێت و نەبێتە بەشێك لەئەجێندای هەرێمایەتی.
ناوەکان
ئاسۆس هەردی، ڕۆژنامەنوس
ڕزگار حەمەڕەشید، نوسەرو شانۆکار
ئەنوەر قادر ڕەشید، نوسەرو شانۆکار
دانا ڕەئوف، نوسەرو شانۆکار
کەمال ڕەئوف، ڕۆژنامەنوس
نەجیبە قەرەداغی، نوسەر
ئەڤین عەزیز، ڕەفتارناس
عومەر محەمەد، نوسەر
تریفە عەلی، نوسەر
ڕووناک شوانی، نووسەر
سەرتیپ جەوهەر، نوسەرو ڕۆژنامەنوس
سەردار هەرکی، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان
کەریم بەحری، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان
محەمەد کیانی، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عیراق
شادمان مەلا حەسەن، نوسەرو ڕۆژنامەنوس
چۆمان هەردی، نوسەرو ئەکادیمی
شێرکۆ کرمانجی، نوسەرو ئەکادیمی
دڵشاد مستەفا، نوسەرو ئەکادیمی
د.هاوار موردای، ئەکادیمی
شوان محەمەد، ڕۆژنامەنوس
کنێر عەبدوڵا، نوسەر
ساڵح بێچار، شاعیر و نووسەر
ئیسماعیل حەمەئەمین، ڕۆماننوس
دانا عەسکەر، نوسەر
خالد سلێمان، ڕۆژنامەنوس
PM:02:45:01/05/2016