سەبارەت بە دزەكردنی پرسیارەكان قۆناغی ئامادەیی سکاڵا لە دژی کەناڵێکی ئاسمانی تۆمار دەكرێت
دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە بارەی دزەکردنی پرسیارەکانی کۆتایی قۆناغی ئامادەیی، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی کەناڵێکی ئاسمانیی ئەو شارە تۆمار دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 6\6\2016، شێروان محەمەد غەریب، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار، بە باسنیوزی رایگەیاند: ”پاش ئەنجامدانی 2 تاقیکردنەوەی پۆلی 12، چەند کەس و کەناڵێک بەبێ گوێدانە باری دەروونیی خوێندکاران، قسەی بێ بنەما بڵاودەکەنەوە، سەبارەت بەدزەکردنی پرسیارەکان". گوتیشی: ”ئەوەی لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان لێدراوە، سیناریۆیەکی زۆر لاوازە و دەکرێت شیکردنەوە بۆ ڕەھەندەکانی بکرێت".
بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ئەوەی ئاشکرا کرد کە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانییەوە کردووە و داوای لێ کردووە، سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەناڵەی سلێمانی تۆمار بکات. دەشڵێت: ”بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەگەڵمدا هاوڕا بوو و دڵنیای کردمەوە کە ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریان دەگرنە بەر".
PM:02:41:06/06/2016