نزیكەی 2 هەزار خێزانی كوردو عەرەب بۆ زوممار گەڕاونەتەوە
دیندار زێباری ئاشكرایدەكات پاش رزگارکردنی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە نزیکەی (٢٠٠٠) دوو هەزار خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە گەڕاونەتەوە
د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە رێگە بەگەڕانەوەی هاووڵاتییانی عەرەب نادرێت بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان رایگەیاند " پاش رزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بەتایبەتی لە شاری زوومار تا ئێستا نزیکەی (٢٠٠٠) خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە لە موسڵ یان لە وڵاتی سوریا گەڕاونەتەوە و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون".
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە هێزە ئەمنییەکان نەک رێگری ناکەن لەگەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵکو هاوکاریشن بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی هیچ گومانێک یان مەترسی ئەمنیان لەسەر نییە، زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە پاش ئەوەی لەلایەن هەندێک کەسەوە داوایان لێدەکرێت کە یارمەتی بدرێن بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزانەکانیان لە موسڵ یان لە وڵاتی سووریاوە بگەڕێنەوە ناوچەکە هاوکاری دەکرێن و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دەزگا ئەمنیەکان و هێزی پێشمەرگە ئەو کەسانەی کە تێبینی ئەمنیان لەسەر نەبێت لە ناوچەکە نیشتەجێ دەکرێن بۆ نموونە لەماوەی نێوان ٦/٩/٢٠١٥ تاوەکو ١٢/٥/ ٢٠١٦ نزیکەی (١٢٨) خێزان کە لە موسڵ و وڵاتی سوریاوە هاتوون لە رێگای هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناوچەی دەوروبەری زوممار نیشتەجێ کراون و بەشێکیشیان چوونە بۆ پارێزگای دهۆک و هەولێر و سلێمانی لەوێ نیشتەجێ بوونە".
د.دیندار زێباری راشیگەیاند" بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی کە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش تێوەگلاون لە سەرەتاوە ناوچەکەیان بەجێهێشتووە و ئێستا گەڕانەوەیان ئەستەمە، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکێکی زۆر لە ناوچە تازەئازادکراوەکان بە شێوەیەکی گشتی ناچارکرابوون کە ناوچەکانیان جێبێڵن و بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش بڕۆن و دوای رۆشتنیان بۆ ئەو ناوچانە داعش وەک قەڵغانێک بەکاریان دەهێنن.
زێباری لە کۆتاییدا رایگەیاند "بهشێک لەو هاووڵاتییە عهرهبانهی له زوممار نیشتهجێن له گوندهكانی دهوروبهری زوممار ماڵ و شوێنی نیشتهجێبونیان هەبووە و بە هەمان شێوەی کوردەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی مەترسی مین و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست خۆیان نایانهوێت بگهڕێنهوە. بەشێکی دیکەش لە خەڵکەکە ئارهزوو دهكهن بگهڕێنهوه بۆ ئهو شوێنانهی كه ئازادكراون بهڵام به هۆی مهترسی له پەلاماردانی سەربازی داعش ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
PM:02:52:07/06/2016