عەلی باپیر داوای لە بارزانی نەكردووە

كۆمەڵی ئیسلامی هەواڵێك رەتدەكاتەوە كە گوایە عەلی باپیر، ئەمیری حیزبەكەیان داوای دانیشتنی لەگەڵ بارزانی كردوەو وەڵامی نەدراوەتەوەو هەواڵەكە بە درۆو هەڵبەستراو دادەنێت .

بە پێی راگەیەندراوێكی مەكتەبی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەهاتووە: ئەوەی لەچەند پێگەو تۆڕێكی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك لەسەر مامۆستا عەلی باپیر بڵاویان كردۆتەوە كە گوایە داوای دانیشتنی لەگەڵ بارزانیی كردوەو وەڵامی نەدراوەتەوە، درۆیەو هەڵبەستراوە .

 

دەقی راگەیەندراوەكە:

بسم الله الرحمن الرحیم

ماوە ماوە ئەوانەی چاویان بەكارو پڕۆژەی ئیسلامیی‌و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی هەڵنایا، دەكەونە هەڵبەستنی درۆو دەلەسەو قسەی ناڕەوا لەدژی‌و هەرجارە بەشێوەیەك ئەسپی دۆڕاویان تاو دەدەن، بێ‌ ئاگا لەوەی خەڵك چاوی بۆتەوەو ڕاست‌و درۆ لەیەكتری جیا دەكاتەوە.

ئەوەی لەچەند پێگەو تۆڕێكی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك لەسەر مامۆستا عەلی باپیر بڵاویان كردۆتەوە كە گوایە داوای دانیشتنی لەگەڵ بارزانیی كردوەو وەڵامی نەدراوەتەوە، درۆیەو هەڵبەستراوە، چونكە یەكێك لەو شتانەی كۆمەڵی ئیسلامیی پێ‌ دەناسرێتەوە ڕاستگۆیی‌و ڕاشكاوییەو هەر لەسەرەتاوە سیاسەتی وابوە كە بۆ هەموو مەسەلەكان بە ئاشكرا ڕاو هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە.

بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆو ناڕاستیش پێش هەمووكەس زیان بەخاوەنەكەی دەگەیەنێ‌‌و بێ‌ متمانەی دەكات لەناو جەماوەردا.

ڕاگەیاندنی مەكتەبی ئەمیر
11/6/2016
هەولێر




PM:05:20:11/06/2016