" داواکەی سەر نەوشیروان مستەفا کارێکی فەردی سەرۆکی داواکاری گشتییە"

ئەو داوایەی دژی نەوشیروان مستەفا لەلایەن داواکاری گشتیەوە جووڵێنراوە بڕیارێکی سەرۆکی داواکاری گشتییە بە تەنها.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری یاسایی بە سپی راگەیاند" ئەو داوایەی لەلایەن داواکاری گشتییەوە دژی نەوشیروان مستەفا جوڵێنراوە، بە تەنها بەبڕیاری سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم بووەو ئەندامانی دەستەی داوای مافی گشتی لە هەولێر لەگەڵ جوولآنی ئەو داوایەدا نەبووە".

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆئەوە کرد بۆ جوڵاندنی هەر داوایەک بە مافی گشتی، پێشنیار دەکرێت و دەخرێتە بەر دەم ئەندامانی دەستەکەی هەولێر کە شەش ئەندامن تا ڕای خۆیانی لەسەر بدەن، پێشنیاری جووڵانی داوا دژی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا پێشنیار کراوە، بەڵام تەنها سەرۆکی داواکاری گشتی جووڵاندویەتی و ئەندامانی دەستەی داوا مافی گشتی کەسیانی لەگەڵیدا نەبووە".

ئەو سەرچاوە یاساییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو داوایە لەرووی "ئەدلە" وە زۆر لاوازە چونکە تۆماری دەنگی لە دادگاکانی عێراق و هەرێمدا بەهەند وەرناگیرێت.

هەروەها پارتی وەک حیزبێک لەرووی یاساییە ناتوانێت داوا لە دەستەی گشتی بکات داوا تۆمار بکات، چونکە پارتی حیزبەو ناتوانێت گوزارشت لە مافی گشتی بکات. 

لە درێژەی لێدوانەکەی، ئەو سەرچاوەیە وتیشی" ئەم داوایە هاوشێوەی تۆمارکردنی ئەو داوایەیە کە دژی کۆسرەت رەسوڵ لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا تۆمار کراو ئێستا ناوبراو جێگری سەرۆکی هەرێمە".

جەواد فەتاح سەرۆکی داواکاری گشتی بە وەکالەت و داوی تەواوبوونی سەرۆکی پێشوو سازگار عەلی ناجی دانرا، دانانیشی بەوەکالەت لەو پۆستەدا دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئەو پۆستەی یەکێتی وەک پشکی خۆی تەماشای دەکات و بۆ وەرگرتنیشی چەند جارێک داوای لەپارتی کردووە. 
 
  




PM:11:58:17/06/2016