شەش فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان داوای راگرتنی یاسای تیرۆر دەكەن

لەبەیاننامەیەكی شەش فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستاندا رایدەگەیەنن كە "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کارکردن بە یاسای تیرۆر و راگرتنی یاسای بەکرێدانی خانو بەرە بەردەوام بێت".

لەبەیاننامەكەدا هاتووە: "ئێمە دەزانین کە لە ئێستادا بوونی یاسایەکی تیرۆر لە هەرێمی کوردستاندا پێویستە، بەڵام ئەم بۆشاییە و چەندەها بۆشایی تری سیاسی و یاسایی دەرهاویشتەی پەکخستن و لەکارخستنی پەرلەمانن بۆیە چارەسەرکردنیان پێویستیان بە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەیە نەک دۆزینەوەی بەدیلی نایاسایی بۆ پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی سیاسی و پێویسته‌ له‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌كه‌دار نه‌كرێت".

دەقی بەیاننامەكە:

به‌یاننامه‌ی شه‌ش فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان
نابێت له‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌كه‌دار بكرێت
بەیاننامەی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوەی ئیسلامی،شیوعی) لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە درێژکردنەوەی کارکردن بە یاسای تیرۆری ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠١٦ و راگرتنی کارکردن بە یاسای بە کرێدانی خانوبەرە ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٠٨ .
وەک ئاشکرایە لە بەرواری ١٧/٧/٢٠١٦ ماوەی کارکردن بە یاسای تیرۆر ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٦ کۆتایی دێت دوای ئەوەی بە پێی یاسای ژمارە (٢) ی ساڵی ٢٠١٤ دوو ساڵ بۆ کارپێکردنی درێژکرایەوە لە پەرلەمانی کوردستان، وە هەروەها لە هەمان بەرواردا ماوەی راگرتنی کارکردن بە یاسای بەکرێدانی خانوبەرە ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٠٨ کۆتایی دیت کە بە پێی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١٥ بۆ ماوەی یەک ساڵ راگیرابوو، وە ئێمە دەزانین لە ئێستادا هەوڵێک هەیە کە نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان کراوە تاکو را لەو بارەیەوە بدات و کارکردن بە یاسای تیرۆر و راگرتنی یاسای بەکرێدانی خانو بەرە بەردەوام بێت، بۆیه‌ لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین کە دریژکردنەوەی کارکردن بە هەر یاسایەک یان راگرتنی کارکردن بە هەر یاسایەک یان هەمواری یاسا یان دەرکردنی یاسا کە ئەمانە تەنها و تەنها لە دەسەڵات و تایبەتمەندی پەرلەمانی کوردستانن وە هەر دەزگا و لایەنێکی دی هەر رایەک یان بڕیارێک لەو بارەیەوە بدات دەچێتە چوارچێوەی کاری نایاسایی و زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتەکانی، وە ئەنجومەنی شوراش کە ئەنجومەنێکی راوێژکارییە و بە پێی یاسای ژمارە (١٤) ی ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە لە یاساکەی خۆیاندا دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانیان دیاریکراوە و بە ئاشکرا دیارە ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، بۆیە لێرەوە داوایان لێدەکەین کە بێلایەنی وە پیشەییبوونی خۆیان بپارێزن وە پیادەی دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی پەرلەمانی کوردستان نەکەن ئێمە دەزانین کە لە ئێستادا بوونی یاسایەکی تیرۆر لە هەرێمی کوردستاندا پێویستە، بەڵام ئەم بۆشاییە و چەندەها بۆشایی تری سیاسی و یاسایی دەرهاویشتەی پەکخستن و لەکارخستنی پەرلەمانن بۆیە چارەسەرکردنیان پێویستیان بە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەیە نەک دۆزینەوەی بەدیلی نایاسایی بۆ پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی سیاسی و پێویسته‌ له‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌كه‌دار نه‌كرێت، وە هەر لێرەوە رایدەگەیەنین تا ئەو کاتەی پەرلەمان کارا دەبێتەوە دەتوانرێت کار بە یاسای سزادانی عیراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ بکریت لە جیاتی یاسای تیرۆر وەک چارەسەرێکی کاتی.
لەگەڵ رێزدا...
فراکسیۆنەکانی
(گۆڕان، یەکێتی ،یەکگرتوو کۆمەڵ ، بزوتنەوەی ئیسلامی، شیوعی)




PM:02:35:11/07/2016