"ئەنجومەنی شورای هەرێم بەپێی یاسا كاری خۆی دەكات"
ئەنجومەنی شورای هەرێم ڕایگەیاند، ھیچ كاتێك ئەنجوومەنی شووا نابێتە بەدیلی پەرلەمانی كوردستان و لە ھیچ كاتێكیشدا نە یاسایی دەركردووەو نە یاساش دەردەكات و یاساش درێژناكاتەوە.
لە ڕونکردنەوەیەکی ئەنجومەنی شورای هەرێمدا هاتووە، نووسراوەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی بیرخستۆتەوە كە لە ١٥-٧-٢٠١٦ دا ، ئەو دوو یاسایە ماوەیان بەسەر دەچێت، ھەربۆیە داوای لە ئەنجوومەنی شوورا كردووە، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت رای خۆی لەو بارەیەوە بدات، داوای نەكردووە یاساكە درێژ بكاتەوە.
هەروەها دەشڵێت، ئەنجوومەنی شوورا كە بەپێی یاسای ژمارە ١٤ ساڵی ٢٠٠٨ كاردەكات، بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی كە ئەو یاسایە پێی داوە كاری خۆی دەكات، لەو چوارچێوەیەدا بەو نزیكانە دەستەی گشتی ئەنجوومەنی شوورا كۆدەبێتەوە و لەسەر ئەو داوایەی پەرلەمانی كوردستان رای خۆی گەڵاڵە دەكات و بڵاوی دەكاتەوە.
سەبارەت بە نووسراوی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە ٢٧٩١ کە لە ٢٦-٦-٢٠١٦، بەمەبەستی بە سیستمكردنی ڕێنماییەكان گشتاندنی بۆ ھەموو وەزارەتەكان دەركردووە، ئەنجوومەنی شوورا وەك ئەركی خۆی بە پێی یاسا لەو بارەیەوە ڕۆڵی دیارە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەركردنی ڕێنماییەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و پەرلەمانی كوردستانە، نەك ئەنجومەنی شوورا.
لەبەشێکی تری ڕونکردنەوەکەدا هاتووە، بەپێی ماددەی ٧ی یاسای ئەنجوومەنی شوورا، ڕۆلی ئەنجوومەن لە پێداچوونەوە و دارشتنی پرۆژەی ڕێنماییەكان و یاساكاندا خۆی دەبینێتەوە، ئەوانەیان كە لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران و ئیدارەكان بۆی ڕەوانە دەكرێت، هەروەها بۆ وردبینیكردنی ئەو پرۆژە یاسایانەیە كە لە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و دامودەزگاکانەوە .
ئەنجوومەنی شوورا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە تاووتوی ئەو بابەتانە دەكات و لێیان دەروانێت تا بزانێت تاچەند پێچەوانەی یاسا بەركارەكانی ھەرێمی كوردستان نیین.
هەروەها وتوشیەتی، ئەنجومەنی شورا دووبارە دارشتنەوە بۆ ئەو بابەتانە دەكات لە كاتی پێویستدا پێشنیازی بەدیلیان بۆ دەكات و وەك ڕاسپاردەیەك بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز دەكاتەوە ھەر لەسەر ئەم بنەمایەش دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو گشتتاندنەی كردووە.
لە کۆتایی ڕونکردنەوەکەدا ئەنجومەنی شورا ئەوەشی وتووە، ناچێتە ژێرباری ھیچ بیروبۆچوونێكی سیاسی جگە لە یاسا بەركارەكانی ھەرێمی كوردستان.
هەروەها داواكاریشن ئەوانەی لەو بارەیەوە لێدوان دەدەن لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن پێش لێدوان و دەركردنی بەیاننامە و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، وردتر لە یاساكان بكۆڵنەوە، تا ئەرك و دەسەڵات و بەرپرسیارێتی ھەریەك لە دەسەڵاتەكان و دەزگەو وەزارەتەكان بزانن چییە.
PM:02:38:12/07/2016