وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەك لەسەر "بڕینی موچەی مامۆستایانی زانكۆ" بڵاوكردەوە

وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا رەتیدەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان موچەی مامۆستایانی زانكۆی بڕیبێت.

دەقی روونكردنەوەكە:


ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

سایتی "لڤین پرێس" هەستاوە بە بڵاوكردنەوەی هەواڵێك لە ڕێكەوتی 11/7/2016 بە ناونیشانی (وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەی مامۆستایانی زانكۆی بڕی)، كە گوایە سەرچاوەیەك لە نووسینگەی بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بە (وەكالەت) بە (لڤین) ی ڕاگەیاندووە" نووسراوی فەرمی ئاراستەی ژمێریاری سەرجەم زانكۆكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا كراوە كە مووچەی مامۆستایانی زانكۆ لە پشووی هاوینەدا دەبرێت".
ئێمە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرتاپای ئەم هەواڵە ڕەتدەكەینەوە، بە نووسەری ئەم بابەتە و خوێنەرانی بەڕێزی سایتی "لڤین پرێس" ڕادەگەینین:- ئەم هەواڵە چەواشەكاریە و دوورە لە ڕاستی و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی، كە هیچ بابەتێكی لەم جۆرە لە ئارادانیە، وە ئاگاداری دەزگا ڕاگەیاندنەكان و هەموو خوێنەران و مامۆستایانی زانكۆ دەكەینەوە، كە بە هیچ شێوەیەك ئەم لێَدوانە لە نووسینگەی بریكاری وەزارەتمان نەدراوە و دوورو نزیك پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، بەڵكو (لڤین) دوور لە بەرپرسیاریەتی بڵاوی كردۆتەوە، بێ‌ ئەوەی هیچ فەرمان و نووسراوێك سەبارەت بەو بابەتە لە وەزارەتمان دەرچووبێت، ئەمە دووەمین جارە تۆمەتی لەمشێوەیە دەخەنە پاڵ وەزارەتمان، دەبوایە نووسەری ئەم بابەتە وەكو كارێكی ڕۆژنامەوانی پێش بڵاو بوونەوەی بابەتەكەی بەدوا داچوونی بۆ بكردبایە.


بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان   




PM:04:13:12/07/2016