رەشەباکەی سلێمانی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت

ئەو ڕەشابەیەی لە رۆژی ٧/١٢ دەستیپێکردووە، چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی سلێمانی، دارا حەسەن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دەربارەی ئەو رەشابەی کە دوو رۆژە سلێمانی گرتۆتەوە وتی " ئه‌و رەشەبایەی سلێمانی و هەرێمی گرتۆتەوە بەهۆی کاریگەری شەپۆلێك لە باکوری رۆژئاوای هەرێم هاتووەتە ناوچەکەمان لەسلێمانی و خێراییەکەی لە سەعاتێکدا ١٥ کیلۆمەتر ناوبەناو ئەگەیشتە ٣٥ کیلۆمەتر".

ناوبراو وتیشی" پێدەچێت تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەم رەوشە بەردەوام بێت و، لەهەندێ شوێن زیانی گەیاندووە بەتایبەت درەختی شکاندووە ئەوەش حاڵەتێکی سرووشتییە".

دارا حەسەن وتیشی" دوای ئەو رەشەبایە شەپۆلێکی گەرما وەرزی روو دەکاتەوە ناوچەکەمان و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە".
ماوەی دوو رۆژە ڕەشەبایەکی بەهێز ناوچەکانی سلێمانی گرتۆتەوەو بۆتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما، بەڵام زەرەرو زیانی بەدارو درەخت گەیاند.




PM:10:35:13/07/2016