ئەنجومەنی شورای هەرێم لەسەر یاسای تیرۆر خۆی یەكلایی كردەوە

ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان لەبارەی یاسای تیرۆر خۆی یەكلاییكردەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا بۆچوونەكەیان رابگەیەنن.

نەریمان تاڵیب، وتەبێژی ئەنجومەنی شورای هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند "كەمێك پێش ئێستا ئەنجومەنی شورای هەرێم لە هەولێر كۆبونه‌وه‌كه‌ی بۆ تاوتوێكردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر كۆتایی پێهێنا و گه‌یشتنه‌ بۆچونێكی یاسایی، به‌ڵام ئه‌وان په‌له‌ ناكه‌ن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوونی ئه‌نجوومه‌نی شوورا، دوای  گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێككاریه‌ یاسایه‌ی ماوه‌ سبه‌ی 18 ته‌مووز، له‌ راگه‌یاندراوێكدا بۆچوونی خۆیان ده‌خه‌نه‌روو".

ناوبراو، وتیشی "بۆچوونه‌ یاسایه‌كه‌ ره‌زامه‌ندی هه‌ر 11 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شورای له‌سه‌ره‌ و چاپكردن و وه‌رگێران و پاشان ئیمزای ئه‌ندامانی شوورای له‌سه‌ر ماوه‌".

یاسای ژمارە 3 ی بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا لە 18 ماددە پێكهاتووە، رۆژی 3-4-2006 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكراوە، تاوەكو ئێستا 3 جار لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ماوەی كاركردن بەو یاسایە دوو ساڵ، دوو ساڵ، درێژكراوەتەوە.

دوایینجار رۆژی 16-6-2014 دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان بۆ جاری سێییەم ماوەی یاساكەی درێژکردەوە، رۆژی 17-7-2016 ەش بەسەرچوو.

رۆژی 11-7-2016، شەش فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوەی ئیسلامی و شیوعی) لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیەنراوێكی هاوبەشیان لەبارەی درێژکردنەوەی کارکردن بە یاسای تیرۆر بڵاوكردەوە و پێشنیازیان كرد "وەک چارەسەرێکی کاتی، تاوەكو ئەو کاتەی پەرلەمان کارادەبێتەوە، دەتوانرێت کار بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969بکرێت لەجیاتی یاسای تیرۆر".




PM:03:24:17/07/2016