عەبدوللـەتیف سەلەفی بەهۆی هاوسەرگیرییەکەیەوە بڕیاریدا

عەبدوللـەتیف سەلەفی بەهۆی هاوسەرگیرییەکەیەوە بڕیاریدا کە ڕاژەکەی بە شێوەی تەنسیب لە خوێندنی باڵاوە بۆ ئەوقاف بگوێزێتەوە.

عەبدوللەتیف ئەحمەد، سەرۆکی سەلەفییەکانی کوردستان ڕایگەیاند "لەبەرئەوەی چەند كەسێك لە پەیمانگە دەستێكی ناشەریفانەیان لەو فیتنەیەدا هەبوو" داوای کردووە کە ڕاژەکەی بگوێزرێتەوە

د.ئەنوەر ئەبوبەكر، راگری پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەكانی سلێمانی بەوەكالەت بە رووداوی راگەیاندووە "د.عەبدوللەتیف خۆی داوای گواستنەوەی راژەكەی بەشێوەی تەنسیب كردووە و هۆكارەكەشی پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە".
ژنهێنانەكەی عەبدوللەتیف سەلەفی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. هەر بەو هۆیەشەوە دوو لێژنەی لەسەر پێكهێنرا، یەكەمیان لەلایەن پەیمانگەكەی و دووەمیشیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.
د.ئەنوەر گوتی "لیژنەكەی خۆمان زۆر كارا نەبوون، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە رۆژی 12/5/2016 لیژنەیەكی بەدواداچوونیان لەسەر هەمان دۆسیە دروستكرد، بەڵام تائێستا ئەنجامەكەیمان بۆ نەهاتووە".

هەروەها عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە راگەیاندوە "كاروباری لیژنەكەی وەزارەت كۆتاییان هاتووە و چەند راسپاردە و پێشنیازێكیان كردووە و لە داهاتوودا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ناتوانین ئەنجامەكەی ئاشكرا بكەین. داواكاری گواستنەوەكەشی لە چوارچێوەی كاروباری لیژنەكەدایە".



PM:11:44:18/07/2016