یەکێتی و گۆڕان و خزمەت پرۆسەی دەنگدانیان بایكۆت كرد

هەریەك لە ئەندامانی لیستەكانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و خزمەت لە پرۆسەی دەنگدان بە چوار قایمقامی نوێی پارێزگای هەولێر كشانەوە‌و دەنگیان نەدا.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە سپی رایگەیاند: هەر سێ لیستی یەكێتی‌و گۆڕان‌و خزمەت (یەكگرتوو و كۆمەڵ) خوازیاری ئەوە بوون كۆبوونەوە متمانە پێدان بە قایمقامە نوێكان دوابخرێت، بەڵام پاش ئەوەی داواكارییەكانیان رەتكرایەوە، ئەوانیش پرۆسەی دەنگدانیان بایكۆت كرد.

ئەمرۆ لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چوار قایمقامی نوێ متمانەیان پێدرا كە بریتین لە: كوێستان ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری ناحیەی شەمامك، بوو بە قایمقامی شارۆچكەی چۆمان، جوان ڕەفیق، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحركە، بوو بە قایمقامی شارۆچكەی شەقڵاوە، هێمن قادر فەقێ،‌ بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو، بوو بە قایمقامی شارۆچكەی خەبات، ئەحمەد قادر حەمەئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان، بوو بە قایمقامی شارۆچكەی ڕەواندز.



PM:01:59:26/07/2016