یه‌كێتی داوای بە پارێزگاكردنی شەنگال دەكات
له‌ساڵیادی داگیركردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن چەكدارانی داعشه‌وه مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوا دەكات ناوچه‌ی ئێزیدییه‌كان دانی پێدا بنرێت‌و پاشان بكرێته پارێزگا.
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەیامێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان, هاوشانی تاوانه‌كانی تری جینۆساید ده‌رهه‌ق به‌گه‌لی كوردستان بخرێته پرۆگرامه‌كانی خوێندنه‌وه، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت به جینۆسایدی ئێزدییه‌كان و ماف و ئیمتیازاتیان ده‌ربكات؛ بڕیاری به‌جینۆساید ناساندنی كه‌یسی ئێزدییه‌كانی شه‌نگال.
ده‌قی په‌یامه‌كه...
ئه‌ركه‌كان له‌ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان
پێش دووساڵ، دوای داگیركردنی پارێزگای موسڵ له‌لایه‌ن رێكخراوی تیرۆریستی داعش، له(3/8/2014) هێرشێكی به‌ربه‌رییانه‌ی كرده سه‌ر قه‌زای شه‌نگال و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری, ئێزدییه‌كان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی تری وه‌ك مه‌سیحی و شه‌به‌ك و كریستیان و كاكه‌ییه‌كانی رووبه‌رووی كوشتن و سیاسه‌تی جینۆساید بوونه‌وه, كه كوردانی ئێزدی له‌مێژووی خۆیاندا ده‌یان جار فه‌رمانی قڕكردنیان ده‌ركراوه.
له‌م په‌لاماره دڕندانه‌ی داعشدا, به هه‌زاران هاووڵاتی كوردی ئێزدیی, له ژن و مناڵ و پیاو ، كۆمه‌ڵكوژكران، به‌هه‌زارانی تریش ڕفێنران و بێسه‌روشوێنكران، سه‌دان كچ وه‌ك كاڵا مامه‌ڵه‌ی نامرۆڤانه‌یان پێوه‌كراو ، سامانی ئابووری زۆربه‌ی خێزانه‌كان به‌تاڵان براو له بنه‌وه هه‌ڵته‌كێنرا، به‌سه‌دان مناڵ‌یش له‌خێزانه‌كانیان دابڕێنران، سه‌دانی تریش به‌هۆی زه‌برو زه‌نگه‌وه ناچاری گۆڕینی ئاین كرانه‌وه.
جارێكی تر جینۆسایدی كوردانی ئێزدیی ئیدانه ده‌كه‌ین و سه‌ری رێز له ئاست شه‌هید و قوربانیانیه‌كان داده‌نوێنین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه, كه خوشك و برایانی كوردی ئێزدی به‌شێكی ڕه‌سه‌ن و سه‌ره‌كی كورده‌وارین و پاراستن و پشتیوانیكردنیان, به‌ئه‌ركێكی نیشتمانیی و دیموكراسی ده‌زانین و له‌هه‌مان كاتدا ئامانجی ستراتیژیمانه و بێووچان تێده‌كۆشین بۆ به‌دیهێنانی ئازادی و ئاوه‌دانی بۆ ناوچه ئێزدی نیشینه‌كان. هه‌روه‌ها له‌یادی دوو ساڵه‌ی جینۆسایدی ئێزدییه‌كن له‌سه‌رده‌ستی تیرۆریستانی داعش, جه‌خت له‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه ده‌كه‌ینه‌وه:
1. هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت, په‌رله‌مان, رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی, راگه‌یاندن, ناوه‌نده په‌یوه‌نداره‌كانی تر و ره‌وه‌ندی كوردی چڕ بكرێنه‌وه‌و یه‌كبخرێن، له‌پێناو به‌جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزیدییه‌كان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.
2. سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و ئامار, تایبه‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌و داتا‌و زانیاریی ته‌واوی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ئێزیدییه‌كان دابمه‌زرێ و سه‌رژمێرییه‌كی وردی ژماره‌ی قوربانیه‌كان بكرێت و زانیاری‌یان دۆكیومێنت بكرێن‌و مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به ئێزیدییه‌كان بكرێته‌وه, كه یادگاری و كه‌ل و په‌ل و به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌جێماوی قوربانیه‌كانی تیدا دابنرێت.
3. كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری ده‌روونیی تایبه‌ت به ئاسوده‌كردنه‌وه‌ی باری ده‌رونی ژن و كچه ئێزدییه گه‌ڕاوه‌كان.
4.جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان, هاوشانی تاوانه‌كانی تری جینۆساید ده‌رهه‌ق به‌گه‌لی كوردستان بخرێته پرۆگرامه‌كانی خوێندنه‌وه.
5.په‌رله‌مانی كوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت به جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان و ماف و ئیمتیازاتیان ده‌ربكات؛ بڕیاری به‌جینۆساید ناساندنی كه‌یسی ئێزیدییه‌كانی شه‌نگال بدات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێستا سێ پڕۆژه بڕیاری تایبه‌ت به تاوانه‌كه له په‌رله‌مانه.
6. حكومه‌تی عێراق ئیلزام بكرێ ئیمزای (رێكه‌وتنی رۆمای ساڵی 1998) بكات و داوایه‌ك ئاراسته‌ی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی بكات, كه دۆسیه‌كه وه‌ربگرێ و بجوڵێنێ، هه‌روه‌ك پێویسته هاوشانی ئه‌م هه‌نگاوه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دۆسیه‌ی تاوانه‌كه به‌فه‌رمی بناسێنێ.
7.گرنگی به‌ناوچه‌ی ئێزیدییه‌كان و ده‌شتی موسڵ بدرێ, له‌ڕووی ئابوری و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه، هۆشیاركردنه‌وه‌ی زیاتر و هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری, تێكرا ئه‌مانه‌ش ته‌نها به‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێ, كه سه‌ره‌تا وه‌كو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆدان به ناوچه‌كه‌دا بنرێ, پاشان بكرێته پارێزگا.
PM:03:51:02/08/2016