وەزارەتی دارایی رەزامەندی داوە لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو مامۆستایانەی بە گرێبەست دامەزراون و بەوپێیەش بۆ ساڵی خوێندنی 2016 -2017 بەردەوام دەبن لە كارەكانیان.
ڕۆژنامەی باس بڵاویکردەوە "بەمنزیكانە فەرمانی نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو مامۆستایانە بۆ وەزارەتی پەروەردە دەنێردرێت و كاروباری نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیش پێش دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندن تەواو دەكرێت"
ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان رایگەیاندوه پاشەكەوتی موچەی مامۆستایانی گرێبەست زۆرە لە كۆی 500 هەزار دینار تەنها 250 هەزار دیناریان پێ دەدرێت ، وتیشی "لەو 250 هەزار دینارە، 100 هەزار دیناری بۆ هاتوچۆ دەبێت، بۆیە داوامان لە حكومەت كردوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەر 500 هەزار دینارەكەیان پێ بدات و لێیان پاشەكەوت نەكرێت و پاش چەند ساڵێكیش بكرێنە مامۆستای هەمیشەیی".
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ئاشکراشیکردووە وەزارەتی دارایی رەزامەندی داوە لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی مامۆستایان، كە بەگشتی شەش هەزار مامۆستای گرێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە هەیە و بۆ هەموویان تازە دەكرێتەوە.