پێشمه‌رگه بۆ عه‌بادی: كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ به‌بێ هێزی پێشمه‌رگه ئه‌سته‌مە
له‌به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایده‌گه‌ینێت: بێ به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه كۆنتڕۆكردنه‌وه‌ی موسڵ ئه‌سته‌مه.
لیوا قاره‌مان جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ئۆپراسیۆنه‌كان ئه‌مڕۆ 17-8-2016، به PUKmedia ی راگه‌یاند: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌شیان له‌شاری هه‌ولێر كردۆته‌وه‌و ماوه‌یه‌كی زۆره به‌یه‌كه‌وه كارده‌كه‌ن و چالاكیان هه‌یه، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی هه‌ر هێزێكی پێشمه‌رگه له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ پێشوه‌خت رێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگی ده‌وێت.
راشیگه‌یاند: لای هه‌مووشمان ئاشكرایه هێزی پێشمه‌رگه له ئێستادا له‌سێ لاوه ده‌وری شاری موسڵی داوه هه‌م له رۆژهه‌ڵات هه‌م له‌رۆژئاوه هه‌م له باكووری ئه‌و شاره، ئه‌وه‌ی هه‌یه سوپای عیراق ته‌نها له باشووری موسڵ بوونی هه‌یه و هیچ هێزێكی سوپای عیراق له‌و سێ لایه‌ی تری موسڵدا نییه ته‌نها پێشمه‌رگه نه‌بێت، ئه‌گه‌ر جوڵه ده‌ستپێبكرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ كێ به‌شداری ده‌كات، به‌ته‌نها هێزی پێشمه‌رگه له‌و سێ قۆڵه‌وه به‌شداری ده‌كات، چونكه له‌و سێ قۆڵه‌وه بێجگه له هێزی پێشمه‌رگه هیچ هێزێكی تر بوونی نییه.
وتیشی: هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر فالح فه‌یاز راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عیراق، هاته هه‌رێم و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هاوپه‌یمانان و به‌رپرسانی هه‌رێم بۆ به‌شداریكردنی هێزی پێشمه‌رگه له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ كۆبووه‌وه و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له چۆنێتی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ كراوه هه‌رله‌ڕووی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه چۆن به‌شداری ده‌كات له‌و پڕۆسه‌یه‌دا، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه ره‌تبكاته‌وه له‌كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، چ هێزێك له سنووری رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا‌و باكوری موسڵ له‌ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵدا به‌شداری ده‌كات.
راشیگه‌یاند: مه‌سه‌له‌ی رزگاكردنه‌وه‌ی موسڵ به‌ته‌نها له‌رووی سه‌ربازییه‌وه كاریگه‌ری نییه، به‌ڵكو له رووی سیاسیشه‌وه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كاری ده‌وێت و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت، چونكه ئه‌و بابه‌ته پێویستی به رێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگی سیاسیش ده‌بێت نه‌ك به‌ته‌نها سه‌ربازی، هه‌مووشمان ئه‌وه ده‌زانین كه بارودۆخی سیاسی عیراق چۆنه و به ده‌قیقه بارودۆخی سیاسی عیراق گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت.
لیوا قاره‌مان وتیشی: پێم وایه كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ به‌بێ هێزی پێشمه‌رگه ئه‌سته‌م ده‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر له‌رووی سه‌ربازییه‌وه له پڕۆسه‌كه بڕوانین، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له سێ لاوه ده‌وری موسڵیان داوه‌و كه شوێنه‌كان شوێنی زۆر كاریگه‌ر و ستراتیجین، هه‌روه‌ها ئه‌و شوێنانه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی تیادایه هیچ هێزێكی سوپای عیراقی تێدا نییه، به‌ته‌نها له مه‌خمور نه‌بێت كه ئه‌ویش زۆر كه‌مه و شان به‌شانی ئه‌وان هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه له‌و ناوچه‌یه هه‌یه و شه‌ڕده‌كات، ئه‌وه‌ی هه‌یه سوپای عیراق ته‌نها له باشووری موسڵ به‌و شێوه به‌رچاوه بوونی هه‌یه، هه‌روه‌ها وتیشی: له‌هه‌مان كات هه‌ر هێزێكی سوپای عیراق كه بیه‌وێت بێته نێو سنووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌بێت ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی له‌سه‌ربێت ئه‌گه‌رنا ناتوانێت هیچ جوڵه‌یه‌ك بكات له‌ناو هه‌رێمدا، وتیشی: ئایا ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه عیراق له پێشمه‌رگه بڕوانێت هه‌رێمی كوردستان رێگه به سوپای عیراق ده‌دات به ئاسانی جوڵه بكات و له‌نێو خاكی هه‌رێمه‌وه هێرش بكات، ئه‌و جوڵانه‌ی سوپای عیراقیش له هه‌رێم ده‌بێت به رێكه‌وتنی سیاسی و سه‌ربازی ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و وتانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، هیچ لۆجیكی نین، چونكه ئه‌وه‌ی كه هه‌یه له‌راستیدا، به‌بێ به‌شداریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ ئه‌سته‌مه.
هه‌رله‌به‌رامبه‌ر لێداونه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه رایگه‌یاندبوو نابێت پێشمه‌رگه له‌شوێنی خۆیان بجوڵێن و فراوانخوازی بكه‌ن، سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وته‌كانی عه‌بادی ره‌تكرده‌وه‌و راگه‌یاند: "پێشمه‌رگه له پێشڕه‌وییه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا ئازادكردنی ته‌واوی ناوچه كوردستانییه‌كانی سنووری نه‌ینه‌واو له‌و ناوچانه‌ش ناكشێته‌وه كه ئازادی كردوون و ئه‌وانه‌ش له‌داهاتوودا ئازادیان ده‌كات".
دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌پێی لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێم، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ناوچه‌كانی ئێستای خۆیان ده‌مێننه‌وه و ئه‌گه‌ر به‌شداری شه‌ڕی موسڵ بكه‌ن، یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌هێزه‌كانی سوپا ده‌كه‌ن و ناچنه ناو موسڵه‌وه.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا عه‌بادی جه‌ختیكرده‌وه، حكومه‌ت ئه‌و هێزانه دیاریده‌كات كه به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ده‌كات "رێگه به‌هیچ لایه‌نێك ناده‌ین كه پیسه‌پێنێت به‌سه‌رماندا كێ به‌شداری شه‌ڕه‌كه ده‌كات و كێ به‌شداری ناكات".
PM:04:45:17/08/2016