پێنج ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکەی یەکێتی بڕیاریاندا

ئەو پێنج ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی کە دەستیان لە حزبەکەیان کێشایەوە بڕیاریاندا فراکسیۆنێکی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێکبهێنن.
ئەمڕۆ هەریەکە لە ئەکرەم شەریف، ئاڤان جەمال، سەباح فەتاح، محەمەد ڕەسوڵ و نیاز ئەحمەد ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی دەستلەکارکێشانەوەیان لە یەکێتی ڕاگەیاند، ئەمەش پاش ناڕازی بوونیان لە شێوازی بەڕێوەچوون و ئەنجامی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هات.
ئەکرەم شەریف کە بڕیاربوو کاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند "بەحسابکردنمان لەسەر باڵێکی ناو یەکێتی غەدرمان لێکرا"، ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە پرسیاری ئەوەیان لێکرا کە ئەوان سەر بە باڵی بەرهەم ساڵح بن.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی بەخشینی ئاسۆ فەرەیدونی پەسەند کرد بە ٢٣ دەنگ، هەروەها بەکۆی ٢٣ دەنگ بەخشینی هەڤاڵ ئەبوبەکری لە سەرۆکی ئەنجومەن پەسەند کرد.

ئەکرەم شەریف جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کە هەتا ئەمشەو وەک کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن دەستنیشانکرابوو، لەلایەن یەکێتیەوە گۆڕدرا بە ئازاد محەمەد ئەمین و ئەمەش بووە جێگای ناڕەزایی ئەکرەم شەریف و ئەندامێکی تری ئەنجومەن کۆبوونەوەکەیان جێهێشت. ئازاد محەمەد ئەمینیش بە ٢٣ دەنگ هەڵبژێردرا بە سەرۆکی ئەنجومەن.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنوەر تاهیر لە لیستی گۆڕان بە ٢٤ دەنگ هەڵبژێردرا جێگری پارێزگاری سلێمانی.




PM:12:18:25/08/2016