په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی‌ توركیا بۆ سه‌ر جه‌رابلۆس هەڵوێستی خۆی راگەیاند

كه‌جه‌كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئامانجی سه‌ره‌كیی توركیا له‌ داگیركردنی جه‌رابلوس، هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌، نه‌ك داعش، ئاشكراشی ده‌كات: هێرشه‌كه‌ به‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ داعش كراوه‌و له‌ دژی دیموكراتبوونی سوریایه‌.

كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌)، له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی گرتنی جه‌رابلوس له‌لایه‌ن توركیاوه‌، ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: گرتنی جه‌رابلوس به‌ ڕێكه‌وتن له‌نێوان داعش و توركیا بوه‌و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پلانه‌شدا، له‌سه‌ره‌تادا له‌ ڕێگه‌ی میتی توركیاوه‌، له‌ناو داعشه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر عه‌نتاب‌و به‌و شێوه‌یه‌ش بیانووی هێرشكردنه‌ سه‌ر جه‌رابلوس دروست كرا.

كه‌جه‌كه‌ ئاشكراشیكرد: له‌ دوای ئه‌وه‌ش، به‌ ڕێكه‌وتن داعش له‌ جه‌رابلوس ده‌ركرا، چه‌ته‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ جه‌رابلوس جێگیر كران و ئامانجی سه‌ره‌كیی توركیا و چه‌ته‌كانیشیان، هێزی سوریای دیموكرات و ڕێگریكردنه‌ له‌ دیموكراتبوونی سوریا.

كه‌جه‌كه‌، جه‌ختیشی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێرشی سه‌ر خۆرئاوای كوردستان، هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌موو كورده‌ و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا، داوای یه‌كگرتنی كورد و هێزه‌ دیموكراته‌كان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر داگیركاریی توركیا له‌ خۆرئاوای كوردستان هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش نیشان بده‌ن.



PM:01:21:25/08/2016