یەكێتی پۆستێكی دیكەی لە پارتی بردەوە
ئەمڕۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنەشدا، كاندیدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستێكی لە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بردەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە 28/8/2016 دا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەکە، حاکم زاملی لە فراکسیۆنی ئەحرار بە سەرۆک، نایف شەممەری لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان بە جێگر و عەبدولعەزیز حەسەن لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە بڕیاردەری لیژنەکە هەڵبژێردران.
بەپێی زانیارییەكان حاكم زاملی لە كوتلەی ئەحراری رەوتی سەدر بۆ جاری دووەم بەسەرۆكی لیژنەكە هەڵبژێردراوەتەوە و نایف شەممەریش لە كوتلەی ئیئتیلافی سەر بە ئەیاد عەلاوی بۆ جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق هەڵبژێردراوە، هەرچی پۆستی بڕیاردەری لیژنەكەیە پێشتر لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەدەبرا، بەڵام ئێستا عەبدولعەزیز حسێن لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستەكەی بە دەنگدان بردۆتەوە.
PM:02:40:28/08/2016