بۆ كەناڵێكی كوردی لەهەولێر، خۆنەبان کردنتان لەبەرامبەر لوتپژانی كوردێك، تەنیا چەمەرچۆپیەکی بێتامە

روناكبیر‌و میدیاكارێكی كورد رەخنە لەمیدیایەكی كوردی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە هەواڵی كوژرانی هاوڵاتیان بەهۆی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا بەگوێرەی "چیرۆكە توركییەكە" بڵاودەكەنەوە.

خەبات عەبدوڵا لە رێگەی نوسینێكەوە كە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە دەڵێت: "تەنها وەکو نمونە: هەر دوو کەناڵی یەک و دووی ئەڵمانی باس لە کوشتنی ٣٥ هاوڵاتی مەدەنی دەوروبەری جەرابلوس دەکەن لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە. بە هەمان شێوە کەناڵی بی بی سی لەسەر زاری چالاکە سورییەکان جەخت لە کوشتنی ٣٥ هاوڵاتی مەدەنی دەکاتەوە. ئەمە سەرەڕای دەیان کەناڵی تەلەڤیزیۆنی، ڕۆژنامە، گۆڤار و پێگەی ئەلەکترۆنی و ئنجا پشتڕاسکردنەوەی هەواڵەکە لەلایەن ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لەندەن کە تاکە سەرچاوەی بێلایەنی ڕوداوەکانی سوریایە. ئەوەی کە تا نها هەواڵەکە ڕەت دەکاتەوە، تاوانبارە سەرەکییەکە؛ تورکیایە و پێی وایە ئەوانەی لە بۆردومانەکەدا کوژراون مەدەنی نین بەڵکو شەڕڤانانی کوردن".

نوسەر هەروەها دەنوسێت: "ئەمە هەمووی لەلایەک، سەرەڕای هەموو ئەو پشتڕاستکرنەوانە کەچی تازە بە تازە کەناڵێکی کوردی لە پایتەختی کوردستانەوە هەواڵەکە بەگوێرەی چیرۆکە تورکییەکە بە بینەرە کوردەکانی دەفرۆشێتەوە. قسەم لەسەر کەناڵەکە نیە کە چۆن چۆنی لە هەوڵی لاسکردنی کوردەواری و تاوکردنی کوردە لە یەکدی. قسەم لەسەر ئەو میدیاکارە بەڕێزانەیە گا بە ناوی پرۆفیشناڵی و گا "خۆیان وتەنی چی بکەن وەکو یاریزانی تۆپی پێ!" ناچاربوون یانەکانی خۆیان بگۆڕن".

خەبات عەبدوڵا لەكۆتایی دا پرسیار دەكات "بەڕێزان: خۆنەبان کردنتان لە بەرامبەر لوتپژانی تەنها یەک هاوڵاتی کوردستانی بەدەستی داگیرکەر، هەموو ئەوەی ناوبەناو وەکو میدیاکاری "سەربەخۆ" و "بەرگریکردن لە کوردستان و گەلەکەی" خۆتانی لەسەر توڕە دەکەن، جگە لە چەمەرچۆپیەکی بێتام ئیدی هیچ مانایەکی دیکەی نابێت، خۆ دەزانن چەمەرچۆپی چیە؟".




PM:08:54:28/08/2016