پارتی ئیمزای یەکێتی‌و یەکگرتووی کۆکردۆتەوە بۆ دووبارە دەنگدانەوە لەسەر وەلآمەکانی هۆشیار زێباری

لەسەر بڕوا نەهێنان بە وەلآمەکانی هۆشیار زێباری، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئیمزای فراکسیۆنەکەی خۆیان و یەکێتی‌و یەکگرتوو و چەند فراکسیۆنیکی بچووکی کۆکردۆتەوە بۆئەوەی دەنگدانی ئەو رۆژە لەسەر وەلآمەکانی هۆشیار زێباری لە پەرلەمان دووبارە بکرێتەوە.

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراقەوە ئاشکرای کرد بۆ سپی، فراکسیۆنی پارتی توانیویەتی تەنها دەنگی ٦٠ ئەندام کۆبکاتەوە،" بەلآم ئەو کارەی پارتی دەیکات یاسایی نییە، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق دووبارەکردنەوەی دەنگدان بۆ یاساکان دەبێت، نەک بۆ متمانە نەکردن بە وەلآمی وەزیرێک لەکاتی بانگهێشکردنیدا بۆ لێپرسینەوە".

ئەو سەرچاوەیە وتی" ئەوەی جێگەی سەرنجە فراکسیۆنی یەکێتییە سەرباری ئەوەی رێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان هەیە، بەلآم بەبێ کۆبوونەوەی هاوبەش پشتگیری پارتی دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی رایگەیاند کە پەرلەمانتارانی یەکێتی لەرووی یاسایەوە دەنگ لەسەر متمانە سەندنەوە لە هۆشیار زێباری دەدەن".

سپی زانیویەتی کە هەریەک لە گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ متمانە سەندنەوەن لە هۆشیار زێباری.

رۆژی ٨/٢٧ تەنها یەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بەوەی کە متمانەو بڕوای بە وەلآمەکانی هۆشیار زێباری هەیە کە بانگهێشتیان کردبوو بۆ لێپرسینەوە لەسەر پرسە داراییەکان و، کۆی هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی تر متمانەیان بە وەلآمەکانی ئەو وەزیرە کوردە نەبوو. 


PM:12:12:29/08/2016