پارتی: رۆژانە 105 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بە تەنكەر دەبردرێت

په‌رله‌مانتارێکی پارتی دەڵێت،‌ با هیچ که‌س و لایه‌نێک به‌ ناڕوونی باس له‌ نه‌وتی که‌رکوک نه‌کات، چونکه‌ ڕۆژانه‌ بڕی 105 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕێگای ته‌نکه‌ره‌وه‌ ده‌بردرێت.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەسەر لیستی پارتی، به‌ سایتی رۆژنیوزی راگەیاند '' هەرگیز نەمویستوە قسە لەسەر بابەتێک بکەم کە بەڵگەم لەسەری نەبێت، یاخود نەمویستوە ببمە توتی حزب ئەوەی بە نامە بۆم بێت باسی بکەم، تەنانەت حزبەکەی خۆشم، هەربۆیە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی وردم کرد بۆم دەرکەوت بە پێی نوسراوێکی کۆمپانیای نەوتی باکور کە لە 22-8-2016  دەرچووە رۆژانە 105 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکوک لە دەرەوەی بۆری و ڕێکەوتنی نەوت لەگەڵ بەغداد بە ڕێگەی تانکەر لە کەرکوک دەرچووە، جگە لە 30 هەزاری دیکە کە بۆ پاڵاوگەی کەرکوک بەکاردێت.


شاخه‌وان عه‌بدوڵا، وتیشی: نە خەڵکی کەرکوک لە پترۆ دۆلارەکەی و نە خەڵکی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی داهات سودیان لە فرۆشتنی نەوتی کەرکوک نەبینیوە، ئەو تانکەرانەش بۆ کۆمپانیایەک لە سلێمانی و بڕی 30 هەزاری بۆ ئێران و 25 هەزاری بۆ عێراق بۆ وێستگەی کارەبای قدس رۆیشتوە، تەنها یەک فلسیشی لێنەخراوەتە سەر داهاتی هەرێم بۆ ئەوەی هاوکاری حکومەت بێت بۆ پێدانی مووچە بە مووچەخۆران، تەنها داهاتی بۆری کە تا ئێستا بڕی 50 ملێون دۆلارە دراوە بە کەرکوک وەک پترۆ دۆلار".


ئەو پەرلەمانتارە، باسی لەوەشکرد:" بۆمدەرکەوتووە هەندێک کەس وە ناتوانم بڵێم لایەنێک، چونکە هیچ لایەنیک بە شێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ گەندەڵیدا نین، ئەو کەسانە ئەمڕۆ بەدوای فیتنە و ئاژاوەوەن لەنێوان خەڵکی کەرکوک و حزب و لایەنە سیاسیەکان و تەنانەت بە دوای دووبەرەکی دەگەڕێن لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەش لە کەرکوک، سەرنجم داوە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی لەدەرەوەی وڵات یان دەرەوەی کەرکوک دەژین زیاتر هەوڵی تێکدانی برایەتی نێوان خەڵک و لایەنه سیاسەکانی کەرکوک دەدەن ".



PM:03:44:15/09/2016