"مام جەلال سێ كەسی وەك جێنشینی خۆی دیاری كردوە"

هونەرمەند هۆمەر دزەیی ئاشكرایدەكات تاڵەبانی ناوی سێ كەسی بردووە كە پاش خۆی پۆستی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بگرنە ئەستۆ.

هۆمەر دزەیی هونەرمەند و راوێژکاری پێشووی جەلال تاڵەبانی کە بە کەسێکی نزیک لە سکرتێری گشتی یەکێتی دادەنرێت بە رووداوی راگەیاند: " جەنابی مام جەلال خۆی بۆ من باسی لە چەند کەسایەتییەک کردووە کە بە شایەنی زانیوون جێگای بگرنەوە لە وانە نەوشیروان مستەفا (پێش ئەوەی گۆڕان جیابکاتەوە) و کەمال فوئاد و بەرهەم ساڵح".

دزەیی زیاتر باسی لەو گفتوگۆیەی خۆی و مام جەلال دەکات و دەڵێ: "من جارێکیان لە واشنتن لێم پرسی کە پشت بەخوا تەمەنت 100 ساڵ دەبێت، بەڵام خۆ تەمەن هەر تەواو دەبێت، لە دوای تۆ کەسی وا هەیە کە شوێنی تۆ بگرێتەوە؟ یان حیزبەکەی تۆیش وەک حیزبەکەی جەمال عەبدولناسری لێدێت چونکە هەموو شتەکان شەخسی جەمال عەبدولناسر بوو کە ئەو نەما حیزبەکەیشی کۆتایی هات، لێم پرسی ئایا حیزبەکەی تۆیش کە یەکێتییە وای لێدێت؟ یان خەڵکتان هەیە کە شیاو بێت و جێگات بگرێتەوە؟".

هۆمەر دزەیی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لەگەڵ من ئەو سێ ناوەی هێنا، بەڵام بۆ ئەوەی دکتۆر بەرهەم بە شیاو بزانێت لە دوای خۆی، لای زۆر خەڵکی دیکەیش باسی کردووە، بەڵام ئاگام لێ نییە کە وەک میرات بە نووسین جێی هێشتبێت".




PM:03:43:08/10/2016