یه‌كێتی سكاڵایه‌ك لەسەر عه‌لی حه‌مه‌ساڵح تۆمار ده‌كات

به‌تۆمه‌تی ناوزڕاندن و ته‌شهیركردن، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سكاڵایه‌كی یاسایی له‌دژی په‌رله‌مانتارێكی په‌رله‌مانی كوردستان تۆمار ده‌كات.

ناسح حه‌مه‌ حسێن پارێزه‌ری یاسایی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمیدیاكانی یەكێتی راگه‌یاند: به‌ پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ بنكه‌ی پۆلیسی سه‌را له‌سلێمانی داوایه‌كی یاساییان له‌دژی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان تۆمار كردووه‌ به‌ تۆمه‌تی ته‌شهیر و ناوزڕاندن و چاوه‌ڕێی ئیجرائاتی دادگا ده‌كه‌ن.

وتیشی: عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ مانگانه‌ 50 بۆ 60 ملیار دینار له‌سنووری سلێمانی دیار نامێنێت كه‌ ئه‌مه‌ تۆمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ و مه‌كته‌بی سیاسی مه‌به‌ستێتی بگاته‌ راستی و دروستی ژماره‌كه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سكاڵایه‌كی یاسایی له‌دژی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ تۆمار كردووه‌.

ئه‌م سكاڵایه‌ له‌كاتێكدا دێت كه‌ پێشتر عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح رایگه‌یاندبوو كه‌ مانگانه‌ بڕی 50 بۆ 60 ملیار دینار له‌سنووری سلێمانی دیار نامێنێت و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌مه‌ به‌ ته‌شهیر و ناوزڕاندن له‌قه‌ڵه‌مده‌دات و سكاڵای یاسایی له‌دژی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح تۆمار كرد.




PM:01:42:10/10/2016