تیمی وەزاریی گۆڕان راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە
تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: تا ئەو کاتە بەرپرسیارێتی لە حکومەتی هەرێمدا هەڵدەگرن کە لەسەر کارەکانیان بوون و ئامادەی لێپێچینەوەشن.
تیمەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ 12/10 راگەیەنراوێكی بڵاوكردەو رایدەگەیەنێت "ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر دوورخستنەوەمان لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتییەوە، ئێمە تەنها بۆ ئەو ماوەیە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە حکومەتدا بوین، هەموو کاتێکیش ئامادەی لێپرسینەوەین لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و لیژنەکانی ناو پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، دوای دوورخستنەوەمان هیچ بەرپرسیارێتییەک ناکەوێتە سەر شانی ئێمە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە " دوای دوورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، حکومەت فرسەتی لە مووچەی فەرمانبەران هێناو، سیستمی بەناو پاشەکەوتی لە مووچە داهێنا، بەمەش باری ژیانی مووچەخۆران و خەڵکی قورستر کرد بەبێ ئەوەی قەیرانی دارایی چارەسەر بکات، هەر لە ساڵی ٢٠١٥ حکومەت مووچەی چوارمانگی فەرمانبەران قەرزدارە".
تیمی وەزاری گۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن " بزوتنەوەی گۆڕان ئێمەی دیاری کردوە بۆ بەشداریکردن و وەرگرتنی ئەو پۆستانە، هەر بزوتنەوەی گۆڕانیش دوا بڕیار دەدات لەسەر کشانەوەمان بە تاک یان هەموومان، ئێمە پێش وەرگرتنی پۆستەکانیشمان ئامادەیی خۆمان نیشان داوە کە پابەندین بە هەر بڕیارێکی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەگەر نا دوای دوورخستنەوەمان بەو شێوە نادیموکراسی، نایاسایی، ناسیاسییە، ئیتر هیچ مانایەک نەماوە بۆ نە کشانەوە لە پۆستەکانمان".
ئاماژە بەوەشدەکەن بزووتنەوەی گۆڕان "تەنها ١٦ کاربەدەست بە پلەی وەزیر تا بەڕێوەبەری گشتی بەشدار بوون لە حکومەت، کە دەبوایە بە پێی قەبارەو ڕێژەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەم کابینەیەدا بەشدار بووینایە".
تیمەکەی گۆڕان لەبارەی دۆخی فەرمانبەران و ناڕەزایەتییەکانەوە دەڵێن "لە ئێستادا کە قەیرانی یاسایی و سیاسی و دارایی قوڵبوونەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا و بژێویی فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی سەخت و نالەباردایە، ئێمە پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی فەرمانبەران و خەڵک دەکەین بە شێوەیەکی شارستانییانەو دیموکراسییانەو دور لە توندوتیژی".
ئاماژە بەوەش دەکەن بڕیارەکەیان بۆ دوورخستنەوەیان لە حکومەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە "کودەتابووە و پێچەوانەی هەموو بنەمایەکی دیموکراسی و یاسایی و سیاسییە بووە".
PM:04:07:12/10/2016