وەزارەتی دارایی بڕیارێكی گرنگی دەركرد

بریكاری وەزارەتی دارایی بڕیارێك لەبارەی چەكی پەسەندكراوی بەڵێندەران دەردەكات، كە بەپێی بڕیارەكە بەڵێندەران بۆ چوار مەبەست دەتوانن سوود لە چەكەكانیان ببینن.

رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە وەكالەت بە نووسراوی ژمارە (8426) كە لە كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ دەریكردووە بڕیاریداوە ئەو بەڵێندەرانەی كە لە ئەژماری تایبەتی خۆیان رەسیدیان لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان یاخود پەرەپێدانی هەرێمەكان، ئەوا دەتوانن چەكانیان بۆ چوار مەبەستی دیكە بەكاربهێنن، لەوانە وەرگرتنی باجی دەرامەت، تاقیگەی بیناسازی، كاروباری دەستەبەری كۆمەڵایەتی و وەرگرتنی تەندەر.

لەبارەی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، رزگار جەمال ئەندامی دەستەی باڵای یەكێتی بەڵێندەران بە دواڕۆژی راگەیاند، دەركردنی ئەو بڕیارە خزمەت بە بەڵێندەران دەكات، بەڵام ئێمە گلەیمان لە وەزارەتی دارایی كە پابەند رێكەوتنەكەی نابێت لەگەڵ بەڵێندەران.

وتیشی" ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی رێكەوتبووین كە بەڵێندەران هەر قەرزێكیان هەبێت لە دامودەزگاكانی كار بە چەكەكەی بكات، بەڵام وەزارەتی دارایی پابەند نەبووەو ئێستا چەكی بەڵێندەران لە دامودەزگاكان كاری پێناكرێت".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی بەڵێندەرانی وتیشی"بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی دەبێت ئێمە لەو چوار بوارەدا كار بە چەكەكانمان بكەین، بەڵام تائێستا لە دامودەزگاكان كێشەمان بۆ دروست دەبێت و ناتوانین كاری پێبكەین".



PM:04:29:16/10/2016