بۆ دووەمجار فڕۆکەکانی هاوپەیمانان گەرەكێکی ناو کەرکوک بۆردومان دەکەن

دوای ئەوەی پاشنیوەرۆی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە بینایەک لە نزیک پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک کە چەکدارانی داعشی تیابوو، ئەمشەو کاتژمێر ٢ی شەو فڕۆکەکانی جارێکی تر بۆردومانی گەرەکی دۆمیزیان کرد کە بەدەست چەکدارانی داعشەوەن.

پەیامنێری سپی لە کەرکوکەوە رایگەیاند" ئەمشەو کاتژمێر ٢ ی بەرەبەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆردومانی گەرەکی دۆمیزیان لە ناو شاری کەرکوک کرد".

تا ئێستا زانیاری تەواو نییە لەسەر ئەو شوێنەی لەو گەڕەکە بۆردومان کراوە، بەلآم چەند شوێنێکی ئەو گەرەکە لە بەرەبەیانی دوێنێوە بەدەست چەکدارانی داعشەوەیە.

بۆردومانکردنی ئەو جێگایانەی داعش لەناو ئەو گەرەکە لەسەر داوای هێزە ئەمنیییەکانی کورد بووە لە شاری کەرکوک.

بەرەبەیانی دوێنی، وەک کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ئاماژەی بۆ کرد ١٢٠ چەکدار هێرشیان کردۆتە سەر چەند شوێنی گرنگ و گەرەکی شارەکەو تا ئێستا چەندان شوێن لە گەرەکەکانی دۆمیز و ١ ی حوزەیران و ئەسراو مەفقودین و نەسر بەدەست ئەو چەکدارانەوەیە.  



AM:02:27:22/10/2016