پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا کە بایکۆتی کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی بکات و لە گشتاندنێکدا داوا لە کادیرەکانیان کراوە لێدوان بۆ ئەو کەناڵە نەدەن.
ماڵپەڕی خواکوڕکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردەوە "بەپێی نووسراوێكی دەزگای رۆشەنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 22/10/2016 رەوانە كراوە بۆ سەر جەم كادیرانی پارتی و نوسخەیەكی دەستی خواكوڕك كەوتووە، لەژێر ناوی بۆ، سەرجەم هەڤاڵ و کادیر و میدیاکارانی سەر بە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن_تێکۆشەر، سڵاوێکی شوڕشگێڕانەو، بۆ رێزگرتن لە قارەمانێتی پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرگی لە خاکی پیرۆزی کوردستان و وەکو وەفایەک بۆ خوێنی ئاڵی شەهیدانمان، بڕیارماندا هەڤاڵانی پارتیمان بەشداری لە بەرنامە و گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکانی کەناڵی (ئێن ئار تی) نەکەن، تا ئەوکاتەی کە کەناڵی ناوبراو، پابەندی تەواوی خۆی بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانیەکانەوە دەسەلمێنێت و، لە چوارچێوەی رێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئیتیکی رۆژنامەوانی، کاری میدیایی خۆی ئەنجامدەدات.. بۆ ئاگاداری و پابەندبوون. هەر سەرکەوتووبن."
هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا لەسەر بڵاوکردنەوەی چەند زانیارییەک کە ئەو وەزارەتە بە ناڕاست وەسفی کردووە، کەناڵی ئێن ئاڕ تی بدات بە دادگا.
ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە NRT بڵاویکردبووەوە : حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و بڕی پارەی دەستکەوتووش لە یەک مانگدا، نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، کە بەشی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بە سیستەمی کۆنی موچە، هەروەها مانگانە نزیکەی سێ سەد و پەنجا ملیۆن دۆلاری زیادەش دەمێنێتەوە، کە دەتوانرێت بۆ پرۆژە و چالاکی تری جۆراوجۆر بە کاربهێنرێت.