وادەی دابەشكردنی پارەی مامۆستایان ئاشكراكرا

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لەم مانگەوە بڕێك پارە بۆ مامۆستایان لەم مانگەوە خەرج دەكرێت.

مەردان خدر ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی وتوە "بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی 100 هەزار دینار بۆ مامۆستایانی ناوشار و 150 هەزار دینار بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار، چارەسەرێكی زۆر باشە بۆ ئەم قۆناغە".

دەشڵێت "ئەم بڕیارە دەبێتەهۆی ئەوەی لە سنووری سلێمانی-یش دەست بە دەوام بكرێتەوە، ئەگەر هەموو مامۆستایانیش دەوام نەكەن، بەڵام لە زۆرینەی شوێنەكان دەوام دەكرێت و بەپێی زانیاریی ئێمەش حكومەت لەمە زیاتر توانای نییە پارە زیاد بكات لەم قۆناغەدا، بۆیە بۆئەوەی ساڵێكی خوێندن نەفەوتێت، ئەمە بڕیارێكی زۆرباشە".

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی رونكردۆتەوە، كە ناكرێت مامۆستایان گومانیان هەبێت لە بڕیارەكەی حكومەت، چونكە ئەوە بڕیارێكی فەرمییە و لەم مانگەوە جێبەجێ دەكرێت، ئەگەر جێبەجێش نەكرا، ئەوكات دەتوانن هەڵوێستی دیكەیان هەبێت، بەڵام باوەڕی تەواویان هەیە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت.

ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند، ناكرێت حكومەت بە تەنیا دەستكاریی پاشەكەوتی موچەی مامۆستایان بكات، گەر بكرێت پێویستە بۆ هەموو فەرمانبەرانیش بكات، بەڵام حكومەت لەئێستادا ناتوانێ ئەو كارە بكات.



PM:04:04:28/11/2016