بڕیارە وەزارەتی ئاوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەناوی پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ گەشتی حەج، ، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، پارە لەو هاووڵاتییانە وەربگرێت.
نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی وشەی، ڕاگەیاندووە" لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەو پارەیە لە بەرامبەر پڕكردنەوەی فۆڕم وەرنەدەگیرا، بەڵام ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارەی دەركردووە كە لە بەرامبەر پڕكردنەوەی هەر فۆڕمێكی گەشتی حەج، بڕی 50 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت".
ناوبراو لە درێژەی لیدوانەکەیدا دەڵێت" لەم چەند ڕۆژەدا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عەمرە لە وەزارەتی ئەوقاف، ئەو فۆڕمە دابەشی سەر بەڕێوەبەرایەتیی شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و یەكەی كارگێڕیی گەرمیان دەكرێت بۆ هاووڵاتییان".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەش دەخاتە ڕوو كە ئەو پارەیەی لە بەرامبەر پڕ كردنەوەی فۆڕم لە هاووڵاتی وەردەگیرێت، گەڕانەوەی بۆ نییە ئەگەر هاووڵاتی ناوی لە گەشتی حەج نەگەڕایەوە.
کۆی بڕە پارە وەرگیراوەکەش دەچێتە سەر بودجەی دەوڵەت.
ساڵی پار 80 بۆ 100 هەزار كەس فۆڕمی پڕ كردووەتەوە و سێ هەزار و 656 كەس گەشتی حەجی كردوە.